یانەی نەورۆز لەگەڵ راهێنەرێكی پێشووی دالكورد لە گفتوگۆدایە
پێشبینی دەكرێت لەم هەفتەیە بگاتە شاری سلێمانی

یانەی نەورۆز لەگەڵ راهێنەرێكی پێشووی یانەی دالكورد لە گفتوگۆدایە و یەكێكە لە بەربژێرە بەهێزەكان بۆ ئەوەی لە شوێنی قەحتان جەسیر بۆ وەرزی داهاتوو لە خولی ئەستێرەكانی عێراق سەركردایەتی یانەی نەورۆز بكات.
كارگێری یانەی نەورۆز لە ئێستاوە هەوڵەكانی بۆ شوێنگرەوەی قەحتان جەسیر دەستپێكردووە بەوپێیەی یەكلایی بووەتەوە ئەو راهێنەرە بۆ وەرزی داهاتوو لە یانەی نەورۆز نامێنێت، لەم پێناوەیشدا كارگێری یانەی نەورۆز لەگەڵ ئاراز یاسین راهێنەری پێشووی یانەی دالكورد لە گفتوگۆدان.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، پێشبینی دەكرێت لەم هەفتەیە ئاراز یاسین راهێنەری پێشووی یانەی ئاریانای سویدی سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و لە شاری سلێمانی لەگەڵ سەرۆكی یانەی نەورۆز گفتوگۆ بكەن بۆ ئەوەی شوێنی قەحتان جەسیر بگرێتەوە.
ئاراز یاسین، تەمەنی 31 ساڵە، لەگەڵ یانەی دالكورد لە 2021 یانەكەی خولی پلەیەكی سوید سەرخست دوای ئەوەی لە كۆی 11 یاری، 8 بردنەوە و 2 بەرامبەربوون و شكستێكی تۆمار كرد، پاشان لە 2022 بووە یاریدەدەری مەسعوود میرال لە یانەی دالكورد. پێشتر بەیەكەوە لەگەڵ ئەمیر ئەزرافشانی راهێنەری ئێستای دهۆك كاریان كردووە.
ئاراز یاسین، بە رەسەن خەڵكی باكووری كوردستانە و رەگەزنامەی سویدی هەیە، هاوینی رابردوو ئەركی راهێنەرایەتی یانەی ئاریانای پلەدووی سویدی وەرگرتبوو، لەگەڵ ئەم یانەیە لە كۆی 18 یاری، 5 بردنەوە، 11 شكست و 2 بەرامبەربوونی تۆمار كردووە و یانەكەشی جێهێشتووە و ئێستا بێ یانەیە.







