پۆلیسی سان فرانسیسکۆ: 60 خۆپیشاندەرمان دەستگیر کردووە
ناڕەزایی و خۆپیشاندانە فراوانەکانی لۆس ئەنجلۆس دژ بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ بۆ دیپۆرت کردنەوەی کۆچبەران گەیشتە سان فرانسیسکۆ، ناڕەزایەتییەکانی دوێنێی کالیۆفۆرنیاش گرژی و ئاڵۆزیی زۆری لێکەوتەوە.
پۆلیسی سان فرانسیسکۆ لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی ئێکس ئاشکرای کردووە، لە گرژییەکانی دوێنێ شەو، 60 خۆپیشاندەریان دەستگیر کردووە، پۆلیس ئاماژەی بەوەشکردووە، خۆپیشاندەرەکان چەند باڵەخانە و ئۆتۆمبێلی پۆلیسیان سووتاندووە.
حکوومەتی ئەمەریکا ناوەڕاستی شاری لۆس ئەنجلۆسی بە "ناوچەی کۆبوونەوەی نایاسایی" ناساند، ئەو ناساندنەی حکوومەتی ئەمەریکا لە کاتێکدایە سێیەم ڕۆژە پێکدانەکانی خۆپیشاندەران و هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا لە چەند شارێکی ئەمەریکا بەردەوامە، ئەم گرژییانەش بەهۆی ڕێوشوێنە توندەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە هات کە دژ بە کۆچبەران لە ئەمەریکا گرتوویەتییە بەر.
ئەمڕۆ پۆلیسی لۆس ئەنجلۆس لە تۆڕی ئێکس پەیامێکی کورتی ڕووبەڕووی کۆچبەران کردووەتەوە و نووسیوویەتی: "دەستبەجێ ناوچە چۆڵ بکەن".
دوێنێ شەو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئامادەیە هێزەکان بۆ شارەکانی دیکەی وڵات ڕەوانە بکات ئەگەر پێویست بکات، دۆناڵد ترەمپ بەیانی ئەمڕۆ دووشەممەش لە پلاتفۆرمی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس نووسیبووی، "ئێستا دەمامکدارەکان ڕابگرن".
ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی حوزەیرانی 2025، گافین نیوسومی پارێزگاری کالیفۆرنیا ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕووبەڕووی دادگا دەکاتەوە لە بەرانبەر ئەو بڕیارەی داویەتی بۆ ناردنی پاسەوانی نیشتمانی بۆ لۆس ئەنجلۆس، دژی ئەو کۆچبەرانەی بەرانبەر بڕیارێکی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی دیپۆرتکردنەوەیان هاتوونەتە سەر شەقامەکانی ئەمەریکا.
گافین نیوسومی پارێزگاری کالیفۆرنیا لە پۆستێکی سۆشیال میدیادا نووسیویەتی "ئەمە ڕێک ئەوەیە کە دۆناڵد ترەمپ ویستویەتی، بۆ دروستکردنی ئەو قەیرانە، دواتر بە شێوەیەکی نایاسایی هەوڵی داوە هێزی پاسەوانی نیشتمانی بەکاربێنێت، پارێزگاری کالیفۆرنیا دەڵێت:ئەو فەرمانەی ترەمپ واژۆی کردووە تەنها بۆ کالیفۆرنیا نییە، بەڵکو دەسەڵاتی پێدەدات بچێتە هەر ویلایەتێک و هەمان کار بکات، بۆیە ئێمە سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین".
