گۆڕانكارییەكانی عێراق بۆ یارییەكەی ئوردن ئاشكرا دەبێت
گراهام ئارنۆڵد: متمانەم بەم یاریزانانە هەیە عێراق بگەیەننە مۆندیال
هەڵبژاردەی عێراق بە كۆمەڵێك گۆڕانكاری یارییەکەی ئەمشەوی بەرامبەر ئوردن دەكات، وەکو ئامادەکارییەک بۆ قۆناغی پلەی ئۆفی گەیشتن بە مۆندیالی 2026.
ئەمڕۆ سێشەممە، 10 حوزەیرانی 2025، عێراق لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە كاتژمێر 21:15 خولەك دەبێتە میوانی هەڵبژاردەی ئوردن، بەپێی زانیارییەکان ئەمشەو عێراق بەپێکهاتەیەکی جیاواز دەست بە یارییەکە دەکات و بەراورد بە یارییەکەی بەرامبەر کۆریای باشوور چوار گۆڕانکاری لە پێکهاتەی سەرەکی دەکات.
لە کۆمەڵەی دووەمی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ مۆندیال، هەڵبژاردەکانی کۆریای باشوور و ئوردن دوو بلیتی ئەو کۆمەڵەیان مسۆگەر کردووە و سەرکەوتوون بۆ مۆندیال، لە بەرامبەردا عێراق پلەی سێیەمی مسۆگەر کردووە، لە قۆناغی چوارەمی پاڵاوتنەکان، چانسی خۆی بۆ گەیشتن بە مۆندیال تاقی دەکاتەوە.
نەشئەت ئەکرەم یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق پەیامێک ئاراستەی یاریزانانی عێراق دەکات و دەڵێت: "پێویستە ئەمشەو یاریزانەکان بیسەلمێنن کە شایەنی ئەوەن درێسی هەڵبژاردەی عێراق دەپۆشن'
بە گوێرەی ئە زانیارییانەی میدیایەكانی عەرەبی عێراقی بڵاویان كردووەتەوە، ئاكام هاشم لە شوێنی رێبین سولاقا هاوشانی میرخان دۆسكی لە دڵی بەرگری یاریی دەكەن، ئیبراهیم باییش لە بەرگری لای راست و زەید تەحسین لە بەرگری لای چەپ، ئەمەش لە كاتێكدایە ئەگەر ئاكام هاشم لەو یارییە كارتێكی زەرد وەربگرێت لە یاریی داهاتووی عێراق لە پاشكۆی پاڵاوتنەكان بێبەش دەبێت. پێشبینی ئەوەش كراوە لەم یارییە ئارنۆڵد بەشداریی بە هەردوو یاریزانی كورد ماركۆ فەرەج و ئەیمار شێر بكات.
گراهام ئارنۆڵد راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە رایگەیاند، ئامادەکارییەکانی ئەوان بۆ قۆناغی چوارەمی پاڵاوتنەکان، لەمڕۆوە دەستپێدەکات و هەموو هەوڵێکیش دەدەن، بۆ ئەوەی یەکێک لە دوو بلیتی دیکەی ئاسیا بۆ مۆندیال بەدەست بهێنن، دەشڵێت: "ئەم یارییە ئامادەکارییە بۆ قۆناغی پلەی ئۆف و متمانەم بەم کۆمەڵە یاریزانە هەیە عێراق بگەیێننە مۆندیال"
لەمبارەیەوە گراهام ئارنۆڵد دەڵێت: دڵگرانین کە نەمانتوانی بە شێوەیەکی راستەوخۆ سەرکەوین بۆ مۆندیالی داهاتوو. دەمەوێت پیرۆزبایی لە هەڵبژاردەی ئوردن بکەم، بە بۆنەی سەرکەوتنیان بۆ مۆندیالی 2026. ئامادەکاری باش بۆ قۆناغی داهاتوو دەکەین، گرنگ ئەوەیە سەرکەوتنمان بۆ قۆناغی پلەی ئۆف مسۆگەر کردووە.
راهێنەرە ئورسترالییەكەی عێراق گوتیشی: دەمانەوێت کار لەسەر پلانێکی تاکتیکی نوێ بکەین، بەڵام لەوەش گرنگتر یاریزانەکان لەڕووی دەروونییەوە ئامادە بکەین و بیرۆکەی پاڵاوتن بۆ مۆندیال بخەنە مێشکیانەوە، ئەمەش ئەوەیە کە لەماوەی ئەو دوو هەفتەیەی لەگەڵ عێراق بەسەرم بردووە بینیمومە. هەڵبژاردەی عێراق و خەڵکی ئەم وڵاتە شایستەی ئەوەن بەشداری مۆندیال بکەن، ئەوان نزیکەی 40 ساڵە خەون بەم چیرۆکەوە دەبینین، پەنا بەخوا پێکەوە لە مۆندیالی داهاتوو دەبین.
لە لایەكی دیكەیشەوە، باڵیۆزی عێراقیش لە ئوردن بڕیاریداوە بلیتەکانی یارییەکەی ئەمشەو بەخۆڕایی و بەبێ بەرامبەر بەسەر هاندەرانی عێراق دابەش بکات، دوای ئەم یارییەش عێراق دەبێت خۆی بۆ قۆناغی كۆتایی پاڵاوتنەكان ئامادە بكات كە تێیدا هاوشانی 3 هەڵبژاردە یاریی دەكات، یارییەكانیش بەشێوەی چوون و هاتن ناكرێت، بەڵكو هەر هەڵبژاردەیەك 3 یاریی دەكات و یەكەمی كۆمەڵەكە راستەوخۆ بۆ مۆندیال سەردەكەوێت.