کەرکووک.. چەکدارێکی حەشدی شەعبی منداڵێکی کوشت
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2025، لە پارێزگای کەرکووک، منداڵێکی تەمەن 11 ساڵان بەناوی موهەنەد حەیدەر، بە هۆیەکی نادیار، بەدەستی چەکدارێکی حەشدی شەعبی کوژرا.
باوکی موهەنەد، بە میدیای ناوخۆیی عێراقی گوت: کوڕەکەم تەمەنی 11 ساڵە، لەلایەن چەکدارێکی حەشدی شەعبی لە گوندی 'بریج' لە نزیک بازگەی 'فەتحە' لە باشووری ڕۆژئاوای کەرکووک بریندار کرا و دواتر گیانی سپارد.
گوتیشی: کوڕەکەم لەگەڵ چوار هاوڕێی خۆی لە نزیک بازگەکە یارییان دەکرد، کاتیك لەلایەن چەکدارێکی حەشدی شەعبی تەقەیان لێ کرا و بریندار کرا، دواتر دەگوازرێتەوە نەخۆشخانە، بەڵام لەوێ گیانی سپارد.
ئاماژەی بەوەش کرد، تەرمەکەی گوازراوەتەوە دادپزیشکی بۆ گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئەمنی، هێزە ئەمنیەکان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕووداوەکە و دیاریکردنی هۆیەکەی کردووەتەوە. هەروەها چەکدارەکەی حەشدی شەعبیش دەستگیر کراوە کە خەڵکی ناوچەی شوعلەی بەغدایە.