ئایا رووسیا یارمه‌تی دۆناڵد تره‌مپی داوە لە سەركەوتن لە ھەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی!!
دۆسییەی ستێل، نهێنییه‌كه‌ی ئاشكەراكرد
K24- مینیسۆتا - ئه‌مه‌ریكا:
بیرم نایه‌ت چ رۆژێك بوو، به‌ڵام ده‌مزانی مانگی نۆڤێمبه‌ری 2017 بوو. رادیۆی ئۆتۆمبێله‌كه‌م له‌سه‌ر وێستگه‌ی (npr) بوو. بۆ زانكۆی نۆرس داكۆتا له‌شاری فارگۆ بهرێدهكهوتم ، رێگاكەم 45 خولەكی خایاند. ھەموو ئەو كاتە گوێم له چاوپێكه‌وتنێك دەگرت له‌گه‌ڵ (لوك هاردینگ) نووسه‌ری كتێبی "ده‌ستوه‌ردان یان پیلانگێڕی: یه‌كتربینینی نهێنی، پاره‌ی چه‌په‌ڵ، چۆن روسیا یارمه‌تیی دۆناڵد تره‌مپ-ی‌دا" لە بردنەوەی ھەڵبژاردن. ئەم چاوپێكه‌وتنه وایلێكردم دوای دوو رۆژ ده‌ست به خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه بكه‌م.
لوك هاردینگ، ئێستا رۆژنامه‌نووسێكی گه‌ڕۆكی رۆژنامه‌ی -گاردیان-ی بهریتانییە. راپۆرته‌كانی زیاتر له دلهی، به‌رلین و مۆسكۆ-ه‌وه بۆ گاردیانی ده‌نارد. هه‌روه‌ها بۆ رۆژنامه‌ی گاردیان رووماڵی جه‌نگی ئه‌فغانستان و عیراق-ی كردووه. له مانگی نۆڤێمبه‌ری 2017، كتێبه‌كه له لایه‌ن (Guardian Faber) چاپكرا. لەو كتێبه‌دا تیشكده‌خاته سه‌ر ئه‌و بازرگانییه گوماناوییانه‌ی تره‌مپ لە پێش و لە دوای ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك سه‌رۆك كە به نایاسایی پاره‌یه‌كی پۆخڵه‌ی بەدەستكهوتووه. هه‌روه‌ها بە ھۆی ئه‌و په‌یوه‌ندییه درێژخایه‌نانه‌ی له‌گه‌ڵ رێكخراوه تاوانبارانه‌ی روسیا هه‌یبوو، گومان هه‌یه لەوەی ده‌ستی له سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌دا هه‌بووبێت.
دۆسییەی ستێل، نهێنییه‌كه‌ی ئاشكەراكرد
به‌و پێیه‌ی هاردینگ له ساڵی 2007 - 2011 له‌سه‌ر حسابی رۆژنامه‌ی گاردیان له رووسیا نیشته‌جێبووه، دواتر له‌لایه‌ن رووسیاوه رێگای پێنه‌دراوه بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتووی له‌رووسیا هه‌یه.
كتێبه‌كه له 11 بەش پێكهاتووه و نووسه‌ر رووماڵی رووداوه‌كان له چه‌ند زه‌مه‌نێكی جودادا ده‌كات، بەشی یه‌كه‌می بۆ رووداوه‌كانی 1990 تا 2016 ته‌رخانكردووه، سه‌ره‌تا باسی په‌یوه‌ندی كۆمپانیای توێژینه‌وه‌ی بازرگانی و توانستی ستراتیژی (Fusion GPS) دەكات كە باره‌گاكه‌ی له واشنتن-ه لەگەڵ (Orbis international) كه رێكخراوێكی هه‌واڵگری ناحكومییه له له‌نده‌ن. به‌هۆی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌وه، كریستۆڤه‌ر ستیل كه یه‌كێكه له‌دامه‌زرێنه‌رانی Orbis دۆسییەیەك ئاراسته‌ی كۆنگرێسی ئه‌مریكا ده‌كات كەوا روسیا ده‌ستی هه‌بووه له یاریكردن به ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی 2016. كریستۆڤه‌ر ستیل ئه‌فسه‌ری هه‌واڵگری به‌ریتانی، كە پێشوو له هه‌واڵگری نهێنی MI6 له‌ساڵی 1987-2009 كاریكردووه. له 2006-2009 به‌شی روسی له نووسینگه‌ی MI6 به‌ڕێوه‌بردووه. نووسه‌ر 80%ی زانیارییه‌كانی ناو راپۆرته‌كه‌ی ستێل پشتراستده‌كاته‌وه. دواتر له بەشی دووه‌مدا زه‌مه‌نی 2013-2017 باسدهكات، نووسه‌ر تیشكده‌خاته سه‌ر گرنگی پرۆ-روسیا له گۆڕینی پلاتفۆرمی كۆمارییه‌كان. چونكه له‌روسیادا په‌رده‌یه‌كی ته‌نك له نێوان پیاوانی ده‌وڵه‌ت و هاككه‌ره تاوانباره‌كاندا هه‌یه. تەنانەت خودی سیخوره‌كانی كرملین جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه كه ڤلادیمێر پۆتن پرۆسه‌یه‌كی جه‌نگی ئهلهكترۆنی به‌كارهێناوه دژی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بە ئامانجی دۆڕاندنی هیلاری كلنتۆن. ویكلیكس كه لقێكی هه‌واڵگری رووسیایه له راستیدا لە ساڵی 2016 زانیارییه‌كانی له مۆسكۆوه گواستووەته‌وه. هه‌ر له‌و به‌شه‌دا باسی ئه‌و 100 هه‌زار دۆلاره ده‌كات، كه له‌رێگه‌ی 470 حسابی بانكییه‌وه له روسیاوه گواستراوه‌ته‌وه بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن و له‌گه‌ڵ ئەمەشدا 3000 ریكلام به‌گه‌ڕخراون. وێڕای ناوهێنانی مایكل فلین وەك یه‌كه‌مین داواكراوی ئێف بی ئای كه به تۆڕی سیخوری كرملین-ه‌وه بووه. مایكل فلین جهنهڕالێكی خانه‌نشینی ئه‌مریكییه و یه‌كێك بوو له راوێژكاره‌كانی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی تره‌مپ و بۆ ماوه‌ی ته‌نیا 20 رۆژ، له 23ی كانوونی دووەم تا 13ی شوبات 2017 بووه راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رۆك، دواتر له‌ژێر فشاری دادگای فیدرالی ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه و درایه دادگا.
به‌شداری تره‌مپ له بانكی دویتچه
هاردینگ، خاوه‌نی 9 كتێبه، كاتێك ساڵی 2011 له‌لایه‌ن رووسیاوه ره‌تده‌كرێته‌وه بگه‌ڕێته‌وه ناو روسیا، كتێبێكی ده‌ركرد به‌ناوی (ده‌وڵه‌تی مافیا) تیادا باسی ئه‌زموونی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی روسیا و سیستمی سیاسیی ئەو وڵاتەی كرد له ژێر چنگی فلادێمر پۆتن-دا. له‌و روانگه‌یه‌وه رووسیا به عاشقی گه‌نده‌ڵكاران وەسفدەكات و به‌شه‌كانی كۆتایی ته‌رخانكردووه بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر كه‌سانی وه‌ك پۆل مانافۆرت، ڤكتۆر یانۆكۆڤیچ و چه‌ند كه‌سێكی دیكە. ھەروەھا باسی په‌یوه‌ندیی نێوان پۆڵ مانافۆرت و سه‌رۆك تره‌مپ ده‌كات كه بۆ ساڵی 1980 ده‌گه‌ڕێته‌وه و له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی 2016 دا راوێژكاری سه‌رۆك تره‌مپ بوو. به هه‌مان شێوه‌ی مایكل فلین تێوه‌گڵاو به تۆمه‌تی فێڵی بانكی و باج له‌ساڵی 2018 درایه دادگا. دواتر نووسه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوان سه‌رۆك تره‌مپ و ڤكتۆر یانۆكۆڤیچ باس ده‌كات كه یه‌كێكه له گه‌نده‌ڵترین سیاسییه‌كانی ئۆكرانیا. یانۆكۆڤیچ له دوو خولدا 2002-2004 و 2006- 2007، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئۆكرانیا بووه. دواتر بووه سه‌رۆكی ئۆكرانیا له ساڵی 2010 تا 2014 و له ژێر فشاری شۆڕشی پرته‌قاڵیدا ناچاركرا ده‌ست لهكاربكشێنێتەوە و ئێستا له مه‌نفادا له رووسیا ده‌ژیت. هاردینگ-ی نووسه‌ر لە ساڵی 2007 چاوی به پۆل مانافۆرت كه‌وتووه له ئۆكرانیا. ئه‌و ده‌ڵێت: مانافۆرت پێیگووتم: "ئه‌گه‌ر ھێسترێكی تۆپیوت هه‌بوو ویستت بیفرۆشی ئه‌وه بهمن بڵێ!"، هه‌میشه مانافۆرت له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی ئه‌و كه‌سانه به‌شداره كه به‌رژه‌وه‌ندییان لەگەڵ روسیا هه‌یه و خۆیشی له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا به نووسه‌ری گووتووه هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن درۆیه، رووسیا ده‌توانێت ده‌نگ بگۆڕێت. مانافۆرت بووە به‌رپرسی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی ڤكتۆر یانۆكۆڤیچ، له‌كاتێكدا مانافۆرت پێیگگوتم ئێمه هیچمان نه‌كرد، یانۆكۆڤیچ نوێنه‌ری روسیا بوو، روسیا به‌ڵێنی سه‌ركه‌وتنی پێدابوو له هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئۆكرانیا.
هه‌روه‌ها له‌و به‌شه‌دا كه له‌ژێر ناوی "كێشه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ر له بانكه ئهڵمانیهكەدا" نووسه‌ر ئاماژه به‌وه ده‌كات، ژماره‌یه‌ك له‌و بهكرێگیراوانهی كه هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی رووسین به‌به‌هایی 94 ملیۆن و 400 هه‌زار دۆلار له حه‌وت كه‌رتی خانووبه‌ره له ویلایه‌تی فلۆریدا كهبراندی بازرگانی تره‌مپ-یان له‌سه‌ره، خانووبه‌ره‌یان كڕیوه. هه‌روه‌ها زانیاری زیاترمان ده‌داتێ ده‌رباره‌ی به‌شداری تره‌مپ له بانكی دویتچهی ئه‌ڵمانی له ئه‌مریكا و ئه‌و قه‌رزه سه‌رسوڕهێنه‌ره‌ی تره‌مپ له‌و بانكه كردوویه‌تی تا ئێستا گه‌یشتۆته 330 ملیۆن دۆلار له به‌شی خانووبه‌ره. له‌لاپه‌ڕه 308دا ده‌ڵێت: "به‌رپرسێكی بانكه‌كه كه نه‌یویستووه له‌لای نووسه‌ر ناوه‌كه‌ی ئاشكرا بكات گووتویه‌تی، ئه‌م مامه‌ڵه‌یه‌ی تره‌مپ جگه له په‌یوه‌ندی نێوان قه‌رزه‌كانی تره‌مپ و سپیكردنه‌وه‌ی پاره نه‌بێت هیچی دیكە نییه". ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كاتێك بانكی دویتچه له نیویۆرك پاره‌ی بۆ رێكخراوی تره‌مپ گواستووەته‌وه ، له‌وكاته‌دا بانكی دویتچه له مۆسكۆ 10ملیار دۆلاری سپیكردووەتهوه.
ژنی یه‌كه‌می تره‌مپ، له‌یه‌ك كاتدا جاسوسی دوو وڵات
نووسه‌ر له‌لاپه‌ڕه 177 دا، قسه‌یه‌كی ریكس تێلرسۆن وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌هێنێته‌وه كه به تره‌مپ ده‌ڵێت: "یەكیك له‌وه‌ته‌ی هه‌یە له‌ناو گازینۆكاندا بێت، هه‌ر ناكارامه و ره‌گه‌زپه‌رست و دواكه‌وتوو ده‌رده‌چێت". له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه نووسه‌ر ده‌ڵێت: "بوونی ئه‌و وه‌ك دراوێكی ترسناك وایه، كه هیچ بانكێكی رێزلێگیراو ئاماده‌نییه هه‌ڵیگرێت لهههرشوێنێكی دنیا بێت". له‌م ڕوویەوه نووسه‌ر ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو كه بهرێوهبهریەتییهكانی هه‌واڵگری ئه‌مریكایی كارێكی نهێنی-یان ئه‌مجامداوه بۆ گەڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی له‌لایه‌ن هه‌واڵگری و سیخوری روسیاوه له ناو ئاژانسی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكی NSA یه‌وه دزه‌یان پێكراوه. بۆ ئه‌مه‌ش هه‌واڵگری ئه‌مریكی CIA كه‌ناڵێكی دۆزیوه‌ته‌وه تاكو هه‌موو ئه‌و به‌ڵگانه به‌پاره بكڕێته‌وه، كه تایبه‌تن به سه‌رۆك تره‌مپ و ده‌ستوه‌ردانی رووسیا له هه‌ڵبژاردنی 2016 دا. ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی چه‌ند به‌كرێگیراوێكی رووسییه‌وه. یه‌كه‌م دیداریشیان له ئه‌ڵمانیا بووه له سه‌ره‌تای 2017، بۆ ئه‌وه‌ش چه‌ند ئه‌ندامێكی هه‌واڵگری رووسی رازی كراون كه به‌ڵگه دزراوه‌كانی ئاژانسی ئاساییشی نه‌ته‌وه‌یی NSA بده‌نه‌وه به ئه‌مریكا. نووسه‌ر ده‌شڵێت ئه‌م هه‌وڵه‌ی ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مریكا جیاوازه له هه‌وڵه‌كه‌ی كریستۆڤه‌ر ستێل له خستنه‌ڕووی زانیارییه‌كانی تره‌مپ و په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ رووسیا. زۆركه‌س لهوهباوهڕهدا نین ئه‌وه رویدابێت وه‌ك ئه‌وه‌ی هاردینگ باسی لێوەدهكات له لاپه‌ڕه 219 و له بەشی ههشتەمدا له‌ژێر ناوی "تێوه‌گلان"، كه پێیوایه ئیڤانا زیلینكۆڤا ژنی یه‌كه‌می تره‌مپ، سیخوڕی چیكسلۆڤاكیا بووه و له‌وكاته‌وه سیخوڕی ئه‌و وڵاته توانیویه‌تی تره‌مپ بخاته تۆڕی خۆیه‌وه، ئه‌و ده‌ڵێت:"كه‌ی ده‌زگای هه‌واڵگری رووسیا دۆسییەك بۆ دۆناڵد تره‌مپ ده‌كه‌نه‌وه؟ ئێمه نازانین، به‌ڵام ده‌زگایه‌كی هه‌واڵگری بلۆكی خۆرهه‌ڵات پێوایه كه ده‌شێت ئه‌مه بۆ ساڵی 1977 بگه‌ڕێته‌وه. ئا له‌و ساڵه‌دا كاتێك تره‌مپ هاوسه‌رێتی له‌گه‌ڵ ئیڤانا زیلینكۆڤا-ی ته‌مه‌ن 28 ساڵی چیكسلۆڤاكی كردووه. له‌به‌رئه‌وه‌ی باوكی ئیڤانا له هه‌واڵگری چیكسلۆڤاكیا كاری كردووه بۆیه چیكسلۆڤاكیا پێی گرنگ بووه كه په‌یوه‌ندی به ده‌زگای هه‌واڵگری چیكسلۆڤاكیا و ده‌زگای هه‌وڵگری ئه‌مریكاوه هه‌بێت". نووسه‌ر له لاپه‌ڕه 220دا ده‌شلێت:"ئێمه ناڵێین تره‌مپ سیخوڕی چیكسلۆڤاكیا بووه، به‌ڵام به‌پێی دۆسییەكی هه‌واڵگری پراگ، كە له 2016 ئاشكرا بوو، هه‌واڵگری چیكسلۆڤاكیا له‌و كاته‌دا چاوی نهنووقاندووه له‌سه‌ر تره‌مپ و ژنه‌كه‌ی لەو دەمەی له مانهاتن له ئه‌مریكا دەژیان. هه‌ر زانیارییه‌كیش لای چیكسلۆڤاكیا بووبێت، واته لای روسیاش ھەبووه". نووسه‌ر پێیوایه ساڵی 1980، ساڵێكی جودایه له ژیانی دۆناڵد تره‌مپ و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌ناو روسیادا تۆخده‌بێته‌وه كاتێك بڕیار ده‌دات له مۆسكۆ هۆتێل-ێك درووستبكات بهشەریكی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی سۆڤییه‌ت. یه‌كه‌م سه‌ردانی بۆ مۆسكۆ له ساڵی 1987 بووه، هاردینگ ده‌ڵێت: "تره‌مپ هه‌میشه ده‌ڵێت تێوه‌نه‌گلاوم له‌گه‌ڵ روسیا، به‌ڵام ئه‌و له‌ساڵی 2008 ده‌ڵێت، روس پانتاییه‌كی باشیان له‌گه‌ڵ سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌مدا درووستكردووه، هه‌روه‌ها پرسیار ئه‌وه‌یه بۆچی یۆری دۆبینین باڵیۆزی روسیا له ئه‌مریكا پێشنیازی دروستكردنی هۆتێل-ێك ده‌خاته به‌رده‌م تره‌مپ، له‌كاتێكدا ده‌زانرێت له‌سه‌رده‌می رۆناڵد رێگن-ی سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا په‌یوه‌ندی نێوان واشنتن و مۆسكۆ چۆن بووه، یاخود بۆچی تره‌مپ دوو مانگ له ماڵی دۆبینین ده‌مێنێته‌وه له‌كاتێكدا كچه‌كانی دۆبینین له‌ناو روسیادا ناوبانگێكی خراپیان هه‌بووه". ئه‌وه‌ی كه ماوه‌ته‌وه له سه‌ر نووسه‌ری بڵێین ساڵی 2014 خه‌ڵاتی جیمس كامیرون-ی وه‌رگرتووه له به‌ریتانیا له پای سه‌ركه‌وتنی كاره‌كانی له روسیا و ئۆكرانیا و له پێگه‌ی ویكلیكس. هه‌روه‌ها یه‌كێك له‌و كتێبانه‌ی كه فرۆشێكی بێوێنه‌ی هه‌بوو كتێبی "ویكلیكس: دیوی ناوه‌وه‌ی شه‌ڕی جولیان ئاسانج له‌سه‌ر نهێنی"