حزبە سیاسییەکانی عێراق ترسیان لە جووڵەیەکی سوودانی هەیە
حزبە سیاسییەکانی بەغدا حکوومەتیان تۆمەتبار کردووە بەوەی ڕەنگە ئەرشیفی هەواڵگریی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی ڕژێمی سووریا، بۆ لەناوبردنی نەیارەکانی لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، کە بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ بکرێت، بەکار بهێنێت.
ئەو تۆمەتانە، دوای سەردانەکەی عیزەت شابەندەر، نێردەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ دیمەشق و دیدارەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی، سووریا هاتە ئاراوە، سەرچاوە حکوومەتییەکانی عێراق، پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەن کە سەردانەکە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە باڵاکاندا بووە.
لەوبارەوە پەرلەمانتار یوسف کیلابی، ڕایگەیاند، عزەت شابەندەر ئەرشیفی دەزگای هەواڵگری پێشووی سووریای لە دیمەشق وەرگرتووە تا وەکوو چەکێک لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا بەکار بهێنرێت.
هاوپەیمانی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" بە سەرۆکایەتیی سوودانی، ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە کە باس لەوە دەکەن سوودانی "ئەرشیفی هەواڵگری سووریا" وەرگرتبێت تا وەک ئامرازێکی هەڵمەتی بانگەشەی دژ بە نەیارانی سیاسی خۆی، بەکاری بهێنێت.
هەروەها ڕۆژی چوارشەممە، عەبدولهادی سەعداوی، سەرکردە لە هاوپەیمانیەکە، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند "سەرۆک وەزیران پێویستی بەو جۆرە تاکتیکانە نییە، چونکە جەماوەری زیادی کردووە و لەلای زۆرینەی کوتلە سیاسییەکانیش قبوڵ کراوە."