یەکەم گرووپی چەکداری عێراق، هەڕەشە لە ئەمەریکا دەکات

پێنجشەممە، 12ـی حوزەیرانی 2025، ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتایب 'سەیدولشوهەدا' هەڕەشەی ناردنی سەدان 'خۆکوژ' بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەکات، ئەگەر شەڕ لە دژی ئێران هەڵبگیرسێنێت.
ئەبو ئالا وەلائی، پۆستێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاو کردەوە و نووسیویەتی: ئەگەر شەڕ هەڵگیرسێت، سەدان خۆکوژ ئامادەن، ئەمەریکای خۆبەزلزانیش جارێکی دیکە زەلیل دەبێتەوە، هەروەک چۆن یەکەمجار لە عێراق ڕوو یدا، بەزەلیلی و بێهیوایی گەڕایەوە.
ئەمینداری گشتیی ئەو گرووپە چەکدارییەی لایەنگری ئێران، ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم جارە نە ئەمەریکا و نە بریکارەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نامێننەوە، هەروەها ئەوانەش دەڕوخێن کە پارێزگاری لە داگیرکاریی دەکەن."
ئەم قسانەی وەلائی لە کاتێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە پەرەی سەندووە، دوای لێدوانەکانی عەزیز ناسرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران، کە تێیدا هەڕەشەی ئەوەی کردبوو وڵاتەکەی "لە ئەگەری سەرهەڵدانی ململانێ لەگەڵ واشنتن لەسەر دانوستانە ئەتۆمییەکان، هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا."
ڕۆژی چوارشەممە، 11ـی حوزەیران، سەرچاوەیەک لەنێو باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: باڵیۆزخانەکە لە ترسی هێرشە سەربازییەکان ئامادەکاری بۆ چۆڵکردن دەکات، هەروەها کارمەندانیشی بە دوو قۆناغ کەم دەکاتەوە.
دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا گوتی: مەترسی جددی لەسەر باڵیۆزخانەکە هەبووە، ئەمەریکا چەندین جار هۆشداریی بە گرووپە چەکدارەکان دابوو، ئەگەر هێرش بکەنە سەر باڵیۆزخانەکە ئەوا کاردانەوەی سەربازییان دەبێت.
هەروەها سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە کوردستان24ـی گوت: بە فەرمی لەبارەی چۆڵکردنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، ئاگادار نەکراوینەتەوە و هیچ زانیارییەکیشمان پێ نەدراوە.
ئامادەکارییەکان بۆ چۆڵکردنی باڵیۆزخانەکە لە کاتێکدایە، مەترسی شکستهێنانی گفتوگۆکانی ئێران و ئەمەریکا لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمی هەیە.
پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ئاشکرای کردووە، رێگە بە ڕۆیشتنی خۆبەخشانەی ئەو سەربازانە دەدەن، کە لە بنکە و ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر کراون.
پێشتر، وەزیری بەرگریی ئێران هەڕەشەی پەلاماردانی بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکای لە ناوچەکە کرد، ئەگەر بێت و ئەمەریکا هێرشیان بکاتە سەر.