ئیسماعیل قائانی: شەڕمان ناوێت، بەڵام پشتیوانیی مقاوەمە دەکەین

ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران، ڕایگەیاند، ئێمە شەڕمان ناوێت، بەڵام بەردەوام دەبین لە پشتیوانیی بەرەی مقاوەمە.

ئەمڕۆ، پێنجشەممە 12ـی حوزەیرانی 2025، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئێمە بە ئەمەریکا و ئیسرائیل دەڵێین، تا زیاتر لە ناوچەکە شەڕ بکرێت بەرەی مقاوەمە بەهێزتر دەبێت." جەختیشی کردەوە "ئێمە داوای شەڕ ناکەین، بەڵام بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنی مقاوەمە."

قائانی ئاماژەی بەوەش کرد، لە چەند مانگی ڕابردوودا توانا سەربازییەکانمان پەرە پێ داوە تا ئاستێک هەمووان سەرسام دەکات.

باسی لەوەش کرد، ئێمە لە دانوستانەکاندا خۆڕاگرین، ئەگەر داواکاریی لایەنی بەرامبەریش گونجاو بێت، ئامادەی ڕێککەوتنین.

پێشتر کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کردبوو، ئێران بڕیاری پێشوەختەی داوە بۆ وەڵامدانەوەی هەر بڕیارنامەیەکی ئەورووپا دژ بە ئێران.

نوێنەری ئەمەریکا لە دەستەی بەڕێوەبەریی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ڕۆژی چوارشەممە، ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی زیاد دەکات، هۆشداریشی دا لە "کاردانەوەی جددی بۆ بەرەنگاریی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی لە ناوچەکەدا."

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment