فڕۆکەیەکی هیندستان بە 242 سەرنشینەوە کەوتە خوارەوە

فڕۆکەی ئێر ئیندیا کە بە 242 سەرنشینەوە لە فڕۆکەخانەی ئەحمەد ئابادی هیندستانەوە بەرەو لەندەن دەفڕی، لە نزیک فڕۆکەخانەکە کەوتە خوارەوە و ئاگری تێ بەربوو، سەرۆکی کۆمپانیاکەش دەڵێت: سەرەخۆشی گەرم لە خانەوادەی قوربانییەکان دەکەم.

پێنجشەممە 12ـی حوزەیرانی 2025، فڕۆکەیەکی شارستانی ئێر ئیندیا لەجۆری بۆینگ 787، لە فڕۆکەخانەی ئەحمەد ئابادی هیندستانەوە، بە 242 سەرنشینەوە بەرەو لەندەنی پایتەختی بەریتانیا فڕی، هێندە لە فڕۆکەخانەکە دوور نەکەوتەوە و  کەوتە خوارەوە و تێک شکا، دووکەڵی تێکشکانی فڕۆکەکەش بە ئاسمانی شارەکە بەرز بووەوە.

ناتاراجان تشانراسیکاران، سەرۆکی کۆمپانیای ئێر ئیندیا، لە بەیاننامەیەکدا گوتی: بە داخەوە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکمان لە فڕۆکەخانەی ئەحمەد ئاباد کە بەرە و لەندەن دەچوو، ڕادەگەیەنم، ئەوەش ڕووداوێکی زۆر خەمناکە.

سەرۆکی کۆمپانیای ئێر ئیندیا دەڵێت: هاوخەمیی بۆ خانەوادەی سەرنشینانی ئەو فڕۆکەیە دەردەبڕم و سەرەخۆشیی گەرمیان لێ دەکەم. گوتی: ناوەندی فریاکەوتن چالاک کراوە، تیمێکی پشتیوانیش دروست دەکەین بۆ پێدانی زانیاریی بە خانەوادەی قوربانییەکان.

تا ئێستا دامەزراوە فریاگوزارییەکانی هیندستان، هیچ زانیارییەکان لەبارەی هۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە و ژمارەی قوربانییان ئاشکرا نەکردووە، 

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی هیندستان ئاشکرای کرد، دوو فڕۆکەوان و 10 کەس لە ستافی فڕۆکەکە، لەگەڵ 169 سەرنشینی هیندی، 53 سەرنشینی بەریتانی، 7 سەرنشینی پورتوگالی و یەکێکی کەنەدیش لەنێو فڕۆکەکەدا بوونە.