سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24: ئامادەکارییەکان بۆ چۆڵکردنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا دەستیان پێ کرد

سەرچاوەیەک لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممەوە، ئامادەکارییەکان بۆ چۆڵکردنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا دەستیان پێ کردووە و بەشێک لە کەلوپەل و پێداویستی و بەڵگەنامەکان لەنێو باڵیۆزخانەکە دەگوازرێنەوە. 

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی؛ ئەمڕۆ رێگە نەدراوە ئەو هاوڵاتییە عیراقییانەی لەنێو باڵیۆزخانەکە کار دەکەن بگەرێنەوە بۆ سەر کار و پێیان گوتراوە دەوام مەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداریی توندی داوە لەوەی هەڕەشەی تیرۆر و ململانێی سەربازیی لەنێو شارەکانی عێراقدا هەیە، ڕاشیگەیاندووە، ڕێنمایی بە تەواوی فەرمانبەرانی لاوەکی حکوومەتی ئەمەریکا داوە، عێراق بەجێ بێڵن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە هاووڵاتییانی دەڵێت: گەشتکردن بۆ عێراق لەو کاتەدا، هیچ جێی دڵنیایی نییە، بۆیە قەدەغەیە بچنە ئەو وڵاتە.

بەرپرسانی ئەمەریکا ئاشکرای دەکەن، ڕێکارەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ چۆڵکردنی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا، لەچوارچێوەی هەڕەشە ئەمنییەکانی ناوچەکەیە کە گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز.

چوارشەممە 11ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سەرچاوە عێراقی و ئەمەریکییەکان، بڵاوی کردەوە، بەهۆی زیادبوونی مەترسییە ئەمنییەکان، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، ئامادەکاری بۆ چۆڵکردن دەکات.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەک لەنێو باڵیۆزخانەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: باڵیۆزخانەکە لە ترسی هێرشە سەربازییەکان ئەو ئامادەکارییە دەکات، هەروەها کارمەندانیشی بە دوو قۆناغ کەم دەکاتەوە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، لە ئەمڕۆوە ئامادەکاری بۆ چۆڵکردنەکە دەکرێت.

لای خۆیەوە دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا گوتی: مەترسی جیدیی لەسەر باڵیۆزخانەکە هەبووە، ئەمەریکا چەندین جار هۆشداریی بە گرووپە چەکدارەکان دابوو، ئەگەر هێرش بکەنە سەر باڵیۆزخانەکە ئەوا کاردانەوەی سەربازییان دەبێت.

هەروەها سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە کوردستان24ـی گوت: بە فەرمی لەبارەی چۆڵکردنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، ئاگادار نەکراوینەتەوە و هیچ زانیارییەکیشمان پێ نەدراوە.

ئامادەکارییەکان بۆ چۆڵکردنی باڵیۆزخانەکە لە کاتێکدایە، مەترسی شکستهێنانی گفتوگۆکانی ئێران و ئەمەریکا لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی هەیە.