ئوردن: چەند درۆن و موشەکێکمان لە ئاسمانی وڵاتەکەمان خستەخوارەوە
سووپای ئوردن ڕایگەیاند: چەند مووشەک و درۆنێکیان لە ئاسمانی وڵاتەکەیان خستووەتە خوارەوە، دەشڵێت: هەوڵدەدەین ئاسمانی وڵاتەکەمان و ئاسایش و سەقامگیریی خەڵک و نیشتمانەکان بپارێزین.
هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سووپای ئوردن ڕایگەیاند: لە وشکانی و ئاسمانی و دەریا، بەرگریی لە وڵاتەکەمان دەکەین و ڕێگە بە بەزاندنی ئاسمانیی لەلایەن هیچ وڵاتێکەوە نادەین.
سووپای ئوردن لە کاردانەوەی هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر کورە ئەتۆمییەکانی ئێران، ڕایگەیاند: چەند مووشەک و درۆنێکیان لە ئاسمانی وڵاتەکەیان خستووەتە خوارەوە، بێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات ئەو مووشەک و درۆنانە هی کامە وڵات بووە.
بەهۆی تێپەڕینی هەموو ئەو مووشەک و درۆنانە بەسەر وڵاتەکە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە عەممانی پایتەختی ئوردن ە لێدرا.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بڵاوی کردەوە، بارەگای سوپای پاسداران لە تاران لەلایەن ئیسرائیلەوە بە چەندین مووشەک بۆردومان کرا.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە دا، حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران، محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران، محەممەد تەهرانچی, سەرۆکی زانکۆی ئازادی ئیسلامی و فەرەیدون عەباسی، زانای بواری ئەتۆم، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژران.