حەشدی شەعبی سەرجەم چالاکییەکانی هەڵوەشاندەوە

حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا کە لە ئێکس بڵاوی  کردەوە، سەرجەم چالاکییەکانی خۆی هەڵوەشاندەوە بەهۆی هێرشەکانی ئەمڕۆ بەرەبەیانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران.

هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، دەستی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، سەرجەم چالاکییەکانی هەڵوەشاندەوە کە بڕیاربوو بەبۆنەی یادی دروستبوونی حەشدی شەعبی سبەی ئەنجامی بدات، ئاماژە بەوەش دەکات، هەڵوەشاندنەوەی چالاکییەکان بەهۆی کوژرانی چەند فەرماندەیەکی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بەهۆی هێرشەکەی ئەمڕۆ بەرەبەیانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکە. 

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بڵاوی کردەوە، بارەگای سوپای پاسداران لە تاران لەلایەن ئیسرائیلەوە بە چەندین مووشەک بۆردومان کرا.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە دا، حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران، محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران، محەممەد تەهرانچی, سەرۆکی زانکۆی ئازادی ئیسلامی و فەرەیدون عەباسی، زانای بواری ئەتۆم، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژران.