سوپای ئیسرائیل شیرازی بۆردوومان کرد

میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، ئێستا سووپای ئیسرائیل شاری شیرازی بۆردوومان کرد، بەپێی میدیاکانی ئێران، هێرشەکەی ئیسرائیل کارگەیەکی دروستکردنی مووشەکی بە ئامانج گرتووە، چەند خولەکێک پیش ئێستاش، سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئێران بڵاویانکردەوە، فڕۆکەخانەی تەورێز لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردوومان کرا.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بڵاوی کردەوە، بارەگای سوپای پاسداران لە تاران لەلایەن ئیسرائیلەوە بە چەندین مووشەک بۆردومان کرا.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە دا، حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران، محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران، محەممەد تەهرانچی, سەرۆکی زانکۆی ئازادی ئیسلامی و فەرەیدون عەباسی، زانای بواری ئەتۆم، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژران.

هەر ئەمڕۆ، بنیامین ناتانیاهۆ لەبارەی هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران ئاماژەی بەوەکرد، سەرکردە باڵاکانی ئێرانیان بە ئامانج گرتووە، هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوام دەبن تا ئەوکاتەی هەڕەشەی ئێران لەسەر وڵاتەکەمان نامێنێت، هاووڵاتییانی ئیسرائیلیش تا ماوەیەک لە پەناگەکان دەمێننەوە.

ناتانیاهۆ گوتی: ئێران دەیەوێت 10 هەزار تۆن تەقینەوە دروست بکات، دەشڵێت: شەڕمان دژی خەڵکی ئێران نییە.