ناتانیاهۆ: چاوەڕێی هێرشهكانی ئێران بۆ سهر ئیسرائیل دەکەین
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، گورزێکی کوشندەیان لە ئێران داوە، بۆیە چاوەڕێی وەڵامی ئەوان دەکەن، هاوکات گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیلیش گوتی، لە هێرشەکانیان بەردەوام دەبن.
هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025, بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند: پێشبینی چەند زنجیرە هێرشێک لەلایەن ئێران دەکەین.
ئاماژەشی دا، بەهۆی ئەوەی گورزێکی کوشندەمان لە ئێران داوه و یەکێک لە گهورەترین دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانمان وێران کرد، چاوەرێی مووشەکەکانی ئێران دەکەین.
هەروەها گوتیشی: دوای کوشتنی حەسەن نهسروڵڵا، ئهمینداری گشتیی پێشووی حزبوڵڵای لوبنان، فەرمانم بە سوپا کرد ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بکەن، بڕیاریش بوو لە کۆتایی مانگی نیسان هێرشەکە بکەین، بەڵام بەهۆی چەند هۆکارێک هێرشەکان دواخران.
باسی لەوەش کرد، دوای کوژرانی نهسروڵڵا، ئێران هەوڵی دا چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، ئەگەر ئێران بووە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەوە ئێمە لە ناو دەچین.
لای خۆشییەوە، ئێڤی دیڤرین، گوتەبێژی هێزی بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بە تەنیا دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانمان نە کردووتە ئامانج، بەڵکوو شوێنە مووشەکییەکانیشمان بە ئامانج گرتووە.
هەروەها باسی لەوەش کردووە، لە هێرشەکانیان بەردەوام دەبن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 13ـی 2025، سوپای ئیسرائیل، بە بەکارهێنانی 200 فڕۆکەی جەنگی، سەدان هێرشی کردە سەر 300 شوێن لە ئێران و لە ئەنجامی هێرشەکاندا ژمارەیەک فەرماندەی سوپای پاسداران و زانای بواری ئەتۆم کوژران.