ئیسرائیل: لە هێرشەکانمان بۆ سەر ئێران بەردەوام دەبین
دوای ئەوەی دەنگی چەند تەقەینەوەیەک لە تاران بیسترا، فەرماندەی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران بەردەوام دەبن.
ئەیال زەمیر، فەرماندەی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، تاوەکوو ئامانجەکانیان بەدەست دەهێنن، لە هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە سەربازی و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەردەوام دەبن.
گوتیشی: کاتێکی سەختمان لە پێشە، بۆیە دەبێت بە باشی ئامادەکاری بۆ پلانەکانمان بکەین.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی ئێرنا، بڵاوی کردووەتەوە، لە شارۆچکەکانی مەلارد و شەهریار لە ناوچەی چیتگەر لە ڕۆژئاوای تاران دەنگی چەند تەقینەوەیەک بیستراوە.
هەروەها ئاماژەشی داوە، سوپای ئیسرائیل بە مووشەک بنکەی پاسەوانانی سنووری لە سەردەشت کردووتە ئامانج، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک پاسەوان کوژراون.
ئاژانسی هەواڵی مێهری ئێرانییش بڵاوی کردووەتەوە، دەنگی تەقینەوە لە پاکداشت باشووری تاران بیستراوە.
ئاژانسی هەواڵی ئێرنا باسی لەوەش کردووە، هێزەکانی بەرگریی ئێران درۆنەکانی ئیسرائیلیان لە تاران خستووەتە خوارەوە.