سوپای ئیسرائیل: خەڵکی دەتوانن لە حەشارگەکاندا بێنە دەرەوە

فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، دۆخە هێور بووەتەوە و هاووڵاتیانی ئیسرائیل دەتوانن پەناگە بەجێبهێڵن و بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.

دوای نزیکەی تێپەڕبوونی نیو کاتژمێر گەڕی دووەمی هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل، کەمێک لەمەوبەر فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ شەممە 14ی حوزەیرانی 2025، کۆتایی هاتنی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران ڕاگەیاند و ئاماژەیدا، هاووڵاتیان لە سەرتاسەری ئیسرائیل دەتوانن پەناگە بەجێبهێڵن، بەڵام باشتروایە هۆشیار بن و زۆر لە حەشارگەکان دوور نەکەونەوە، چونکە ئەگەری هێرشێکی دیکەی مووشەکی هەیە.

لە ماوەی نزیکەی چوار کاتژمێردا، وەک وەڵامدانەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر تاران و 11 پارێزگای دیکەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سوپای پاسدارانی ئێران دوو جار هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل.

بە گوێرەی ئاژانسی ئەنادوڵۆی تورکیا، لە هەردوو هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئافرەتێکی ئیسرائیلی کوژراوە و 63 کەسی دیکەش بریندار بوون.