میدیاکانی ئێران: سوپای پاسداران بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکاش دەکاتە ئامانج
بەرپرسێکی باڵای ئێران ڕایدەگەیەنێت، هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ چەند ڕۆژێکی دیکە بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام دەبن؛ تەنانەت بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکاش دەکەنە ئامانج.
بەرپرسێکی باڵای ئێرانی بە تۆڕی هەواڵی 'سی ئێن ئێن'ـی ئەمەریکی ڕاگەیاندووە، هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل چڕتر دەکەنەوە، سیستەمی بەرگریی هەر وڵاتێکیش تێک دەشکێنن کە دەیەوێت لە ڕێگەی ئاسمانەوە بەرگریی لە ئیسرائیل بکات.
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران باسی لەوەش کردووە "ئەوەی ئێران دەیکات یەکانگیرە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان، چونکە بەرگریی لەخۆی دەکات دژی ئەو هێرشە ناڕەوایانەی ئیسرائیل کردوویەتیە سەری."
بەرپرسێکی دیکەی باڵای سوپای پاسداران بە ئاژانسی فارسی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاندووە، هێرشەکانی ئێران لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە دژی ئیسرائیل بەرفراوانتر دەبن، هەروەها بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکاش لە ناوچەکە، دەکەنە ئامانج.
هێرشەکەی ئیسرائیل و وەڵامدانەوەکەی ئێران
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13-06-2025، گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ گەیشتنە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدار، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "شێری راپەڕیو" چەندان هێرشی ئاسمانی کردە سەر زیاتر لە 200 ئامانجی ستراتیجی لەنێو خاکی ئێراندا.
ئیسرائیل لە هێرشە ئاسمانییەکانیدا بنکە ئەتۆمییەکانی، نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهانی کردە ئامانج و بە گوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، زیان بەو بنکە ئەتۆمییانە گەیشتووە. بە پێی میدیای ئێرانی، لە هێرشەکاندا شەش زانای ئەتۆمیی ئێرانی کوژراون.
هەر بەپێی میدیای ئێران، لەو هێرشە ئاسمانییەدا، ئیسرائیل ژمارەیەک لە باڵاترین فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی کوشتووە، لەنێویاندا محەممەد باقری، سوپاسالاری هێزە چەکدارەکان و حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران. هەروەها فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانیش لەنێو کوژراوەکاندایە.
باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا 78 کەس کوژراون و 320ی دیکە بریندار بوون.
چەند کاتژمێر دوای هێرشەکانی ئیسرائیل، سوپای پاسداران لە ڕێگەی شەش زنجیرە هێرشی مووشەکی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 3"، دەیان شوێنی لە ئیسرائیل کردە ئامانج، لەنێویاندا شاری تەلئەڤیڤ.
میدیاکانی ئیسرائیل باسیان لەوە کردووە، هەرچەندە بەشێکی زۆری مووشەک و درۆنەکانی ئێران لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە خراونەتە خوارەوە، بەڵام بەشێکی مووشەکەکان ئامانجیان پێکاوە و بەهۆیەوە سێ هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش بریندار بوون. هاوکات زیان بە ژمارەیەک باڵەخانەی نیشتەجێبوون گەیشتووە.
کردنە ئامانجی ڕاستەوخۆی ناوچەی نیشتەجێبوون، لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە ئەنجوومەنی ئاسایشەوە تاوەکو یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی دیکە، بەردەوام داوای دانبەخۆداگرتن و رێگریکردن لە گرژیی زیاتری شەڕەکە دەکەن؛ بەڵام هەردوو لایەن سوورن لەسەر هەڵوێستی خۆیان و هەڕەشەی گورزی قورستر لە یەکدی دەکەن، ئەمەش ناوچەکەی خستووەتە بەردەم مەترسیی شەڕێکی گشتگیری کارەساتبارەوە.