ئاسمانی سووریا و لوبنان کرایەوە؛ ئێرانیش داخستنی درێژ کردەوە
سووریا و لوبنان ئاسمانی وڵاتەکانیان بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا کردەوە، لە لایەکی دیکەوە ئێران ماوەی داخستنی ئاسمانەکەی درێژ کردەوە.
شەممە، 14-06-2025، دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنیی سووریا کردنەوەی ئاسمانی وڵاتەکەی بە ڕووی فڕۆکەوانی مەدەنیدا ڕاگەیاند.
هاوکات هێڵی ئاسمانیی لوبنان کردنەوەی ئاسمانی وڵاتەکەی بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە دا "بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، ناچاربووین بۆ چەند کاتژمێرێک ئاسمانی وڵاتەکەمان دابخەین."
بەیانیی ئەمڕۆ، دەستەی فڕۆکەوانیی ئوردنیش کرانەوەی ئاسمانەکەی و دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی ڕاگەیاندبوو.
لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیای فڕۆکەخانەکان و گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، داخستنی ئاسمانی وڵاتەکە بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا تا کاتێکی نەدیار درێژ کرایەوە.
دوابەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە ئێران کایەی ئاسمانی خۆی داخست، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر هاتوچۆی ئاسمانی دروست کردووە.
هەر لە دوای پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل ئاسمانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ لە ناویشیاندا هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا داخرا.
هێرشەکەی ئیسرائیل و وەڵامدانەوەکەی ئێران
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13-06-2025، گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ گەیشتنە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدار، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "شێری راپەڕیو" چەندان هێرشی ئاسمانی کردە سەر زیاتر لە 200 ئامانجی ستراتیجی لەنێو خاکی ئێراندا.
ئیسرائیل لە هێرشە ئاسمانییەکانیدا بنکە ئەتۆمییەکانی، نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهانی کردە ئامانج و بە گوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، زیان بەو بنکە ئەتۆمییانە گەیشتووە. بە پێی میدیای ئێرانی، لە هێرشەکاندا شەش زانای ئەتۆمیی ئێرانی کوژراون.
هەر بەپێی میدیای ئێران، لەو هێرشە ئاسمانییەدا، ئیسرائیل ژمارەیەک لە باڵاترین فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی کوشتووە، لەنێویاندا محەممەد باقری، سوپاسالاری هێزە چەکدارەکان و حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران. هەروەها فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانیش لەنێو کوژراوەکاندایە.
باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا 78 کەس کوژراون و 320ی دیکە بریندار بوون.
چەند کاتژمێر دوای هێرشەکانی ئیسرائیل، سوپای پاسداران لە ڕێگەی شەش زنجیرە هێرشی مووشەکی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 3"، دەیان شوێنی لە ئیسرائیل کردە ئامانج، لەنێویاندا شاری تەلئەڤیڤ.
میدیاکانی ئیسرائیل باسیان لەوە کردووە، هەرچەندە بەشێکی زۆری مووشەک و درۆنەکانی ئێران لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە خراونەتە خوارەوە، بەڵام بەشێکی مووشەکەکان ئامانجیان پێکاوە و بەهۆیەوە سێ هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش بریندار بوون. هاوکات زیان بە ژمارەیەک باڵەخانەی نیشتەجێبوون گەیشتووە.
کردنە ئامانجی ڕاستەوخۆی ناوچەی نیشتەجێبوون، لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە ئەنجوومەنی ئاسایشەوە تاوەکو یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی دیکە، بەردەوام داوای دانبەخۆداگرتن و رێگریکردن لە گرژیی زیاتری شەڕەکە دەکەن؛ بەڵام هەردوو لایەن سوورن لەسەر هەڵوێستی خۆیان و هەڕەشەی گورزی قورستر لە یەکدی دەکەن، ئەمەش ناوچەکەی خستووەتە بەردەم مەترسیی شەڕێکی گشتگیری کارەساتبارەوە.