وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: خامنەیی مووشەک بهاوێژێتەوە، تاران دەسووتێنین
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە، ڕێبەری ئێران جارێکی دیکە مووشەک ئاراستەی وڵاتەکەی بکاتەوە، تاران دەسووتێنن.
شەممە، 14-06-2025، بە ئامادەبوونی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەو وڵاتە بۆ خەمڵاندنی زیانە گیانی و ماددییەکانی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی ڕابردووی ئێران، بەڕێوە چوو.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداریی توندی بە بەرپرسانی تاران دا و جەختی کردەوە "ئەگەر خامنەیی (ڕێبەری باڵای ئێران) بەردەوام بیت لە هاوێشتنی مووشەک بەرەو ناوەندی ئیسرائیل، تاران دەسووتێنین."
هاوکات ئیڤی دیڤرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو تا بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 14-06-2025، ئێران زیاتر لە 200 مووشەکی جۆراوجۆری ئاراستەی ئیسرائیلی کردووە و توانیویانە زیاتر لە 150ـیان لە ئاسماندا تێک بشکێنن.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دووپاتیشی کردەوە، هیچ زیانێکی ئەوتۆ بەر بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل نەکەوتووە، بە شێوەیەکی ئاسایی کار دەکەن و دەتوانن بەرپەچی هەر هێرشێک بدەنەوە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13-06-2025، گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ گەیشتنە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدار، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "شێری راپەڕیو" چەندان هێرشی ئاسمانی کردە سەر زیاتر لە 200 ئامانجی ستراتیجی لەنێو خاکی ئێراندا.
چەند کاتژمێر دوای هێرشەکانی ئیسرائیل، سوپای پاسداران لە ڕێگەی شەش زنجیرە هێرشی مووشەکی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 3"، دەیان شوێنی لە ئیسرائیل کردە ئامانج، لەنێویاندا شاری تەلئەڤیڤ.
میدیاکانی ئیسرائیل باسیان لەوە کردووە، هەرچەندە بەشێکی زۆری مووشەک و درۆنەکانی ئێران لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە خراونەتە خوارەوە، بەڵام بەشێکی مووشەکەکان ئامانجیان پێکاوە و بەهۆیەوە سێ هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش بریندار بوون. هاوکات زیان بە ژمارەیەک باڵەخانەی نیشتەجێبوون گەیشتووە.