گورزی گەورە بەر فەرشی ئێرانی دەكەوێت

کۆرۆنا پیشەسازی فەرشی بە تەواوی پەکخستووه‌

K24 - ھەولێر

محەمەد عەلی زەرینە، سەرۆکی یەکێتی چنینی فەرشی ئێرانی رایگەیاند، هەناردەی وڵاتەکە لە فەرشی دەستی عەجەمی بەهۆی چەندین قەیرانی جیاواز لە ساڵانی رابردوو داکەوتووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، سەرەڕای قەیرانەکان، بەڵام ڤایرۆسی کۆرۆنا پیشەسازی فەرشی بە تەواوی پەکخستووه‌، بە جۆرێک هەناردەی فەرشی چندراوی دەستی گەیشتووەتە سفر.

سەرۆکی یەکێتی چنینی فەرشی ئێران راشیگەیاند، هەناردەی ساڵانەی ئێران لە فەرشی به‌ دەست چندراو دەگەیشتە نیو ملیار دۆلار، بەڵام قەبارەی هەناردەکە لە دوو ساڵی رابردوودا بۆ 70 ملیۆن دواتر بۆ 50 ملیۆن دۆلار دابەزی، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی کۆرۆناوە قەبارەی هەناردەی بۆ سفر دابەزیوە.

ئەمەریکا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و ئیمارات هاوردەکارانی سەرەکی فەرشی به‌ دەست چندراوی ئێرانن.

زەرینە ئەوەشی خستووەتەڕوو، گەمارۆکانی واشنتن بۆ سەر تاران و بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەهای دۆلار بەرامبەر تومەن، هۆکارێکی دیکەی زیانەکانە، چونکە ناتوانن کەرەستە سەرەتاییەکان لە دەرەوەی وڵات هاوردە بکەن.