ئیسماعیل کەوسەری: ئێران دەیەوێت گەرووی هورمز دابخات
عەمید ئیسماعیل کەوسەری، ئەندامی لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە ئەنجوومەنی شورای ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند: داخستنی گەرووی هورمز ئەو پالەنەیە کە ئێران دەیەوێت بڕیاری لەسەر بدات، ئەوەش دەبێتە یەک لە بڕیارە هەرە نموونەییەکان.
گەروی هورمز دەکەوێتە نێوان ئێران و عوممان، لەسەر کەنداوی فارسی، ئێران تیایدا دەبێتە دراوسێی کوەیت و سعودییەو ئیمارات و عوممان و عێراق، لەوێشەوە توانای پەیوەندی بە جیهانی دەرەوە پێ بەخشیووە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13-06-2025، گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ گەیشتنە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدار، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "شێری راپەڕیو" چەندان هێرشی ئاسمانی کردە سەر زیاتر لە 200 ئامانجی ستراتیجی لەنێو خاکی ئێراندا.
ئیسرائیل لە هێرشە ئاسمانییەکانیدا بنکە ئەتۆمییەکانی، نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهانی کردە ئامانج و بە گوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، زیان بەو بنکە ئەتۆمییانە گەیشتووە، بە پێی میدیای ئێرانی، لە هێرشەکاندا شەش زانای ئەتۆمیی ئێرانی کوژراون.
هەر بەپێی میدیای ئێران، لەو هێرشە ئاسمانییەدا، ئیسرائیل ژمارەیەک لە باڵاترین فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی کوشتووە، لەنێویاندا محەممەد باقری، سوپاسالاری هێزە چەکدارەکان و حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، هەروەها فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانیش لەنێو کوژراوەکاندایە.
باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا 78 کەس کوژراون و 320ی دیکە بریندار بوون.