گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی ئێران: هاووڵاتییان دەتوانن مزگەوت و قوتابخانە و میترۆ و تونێل بکەن بە پەناگە

 فاتمە مەهاجەرانی، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی ئێران، ڕایگەیاند، هاووڵاتییان دەتوانن مزگەوت و قوتابخانە و میترۆ و تونێل بکەن بە پەناگە بۆ خۆپاراستن لە هێرشی فڕۆکە و درۆنی ئیسرائیل.

یەکشەممە 15ـی حوزەیرانی 2025، فاتمە مەهاجەرانی، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی ئیران ڕایگەیاند "بۆ خۆپارێزیی لە هێرشەکانی ئیسرائیل، هاووڵاتییانی ئێران دەتوانن پەنا بۆ مزگەوت  یاخوود قوتابخانەکان ببەن. بەرپرسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هاووڵاتییان دەتوانن لەنێو تونێلی میترۆکانیش بمێننەوە."

لە هەینی ڕابردووەوە کە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستی پێکردووە، جگە لە فەرماندە سەربازییەکان و زانا ئەتۆمییەکان، 78 هاووڵاتی ئێرانی لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون.

وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیلیش ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاشکرای کردووە، بەهۆی هێرشەکانی ئێران 385 کەس بریندار بوون و 15 کەسیش کوژراون، هەروەها دۆخی تەندروستی حەوت لەو بریندارانە ناجێگیرە.

سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تارانی پایتەخت و چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی ئەو وڵاتەی کوشت.