كهتائیبی حزبوڵلای عێراقی هەڕەشەی لێدانی بارەگاکانی ئهمەریكا دەکەن
كهتائیبی حزبوڵلای عێراقی ههڕهشهی پەلاماردانی بهرژهوهندی و بنكه سهربازییهكانی ئهمەریكا له ناوچهكه دهكات له ئەگەری بەشدارییان له شهڕی ئیسرائیل دژ به ئێران.
یەکشەممە، 15-06-2025، ئەبو حوسێن حەمیداوی، ئەمینداری گشتیی حزبوڵلای عێراقی، ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی شەڕی ئێران و ئیسرائیل و ئەگەری بەشداریی ئەمەریکا لە شەڕەکەدا، بڵاو کردەوە.
حەمیداوی، ئاماژەی بەوە داوە "لە کاتێکدا ئێران ڕووبەڕووی ئیسرائیل دەبێتەوە، لە نزیکەوە چاودێریی جموجووڵەکانی سوپای ئەمەریکا لە ناوچەکە دەکەن؛ ئەگەر ئەمەریکا بەشداریی شەڕەکە بکات، ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندی و بنکە سەربازییەکانیان لە ناوچەکە دەدەین."
بۆ ڕێگریی لە تەشەنەکردنی شەڕەکە، ئەمینداری گشتیی حزبوڵلای عێراقی داوا لە حکوومەتی فیدراڵی و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا دابخەن و هێزەکانی ئەمەریکا لەنێوخۆی وڵاتەکە دەربکەن، چونکە پێی وایە "دیارترین و مەترسیدارترین هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی عێراق و سەقامگیریی ناوچەکە."
سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت.
ئێرانیش لە وەڵامی ئەو هێرشانە کە تا ئەمڕۆ یەکشەممەش، 15-06-2025، بۆ ناو خاکەکەی بەردەوامن، بە هەڵدانی سەدان مووشەک وەڵامی ئیسرائیلی داوەتەوە. عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ڕایگەیاندووە، بەرپرسانی تەلئەڤیڤ باجێکی قورسی دەستدرێژییەکانیان دەدەن.
هەرچی ئەمەریکاشە، چەند جارێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل بە تاک لایەنە هێرشی کردووەتە سەر ئێران و بە هیچ شێوەیەک بەشدارییان نەکردووە، بەڵام دەتوانن لە ماوەیەکی کەمدا شەڕی نێوان هەردوو وڵات بوەستێنن.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەردەوام داوا لە بەرپرسانی ئێران و ئیسرائیل دەکات دان بەخۆیاندا بگرن و شەڕەکە زیاتر فراوان نەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەکیان ئاماژەیان بە کۆتاییهاتنی شەڕەکە نەکردووە. هاوکات میدیاکانی ئەمەریکا لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕایانگەیاندووە، چاوەڕێ دەکرێت شەڕی تاران و تەلئەڤیڤ چەند هەفتەیەک بخایەنێت، نەک چەند ڕۆژێک.