هۆشداری لە داڕمانی ئابووری تورکیا دەدرێت

مەترسییەکان لە ئابووری تورکیا رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبوونە

K24 - ھەولێر

رۆژنامەی نیویۆرك تایمز ھۆشداری دەدات لەوەی كە ئابووری توركیا لە لێواری داڕمانە.

بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكی، مەترسییەكان لە داڕمانی ئابووری توركیا رۆژ دوای رۆژ لە زیادبوونە، ئەوەش ھاوكاتە لەگەڵ داڕمانی بەھای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریكی، لە ئەنجامیشدا دۆخی كۆمپانیاكانی سەختكرد و لێكەوتە نەرێنییەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناشی لەسەر وڵاتەكە قووڵتركرد.

ئاماژەی بەوەشدا، داكەوتنێكی بەرچاو لەسەرجەم پێنوێنییە ئابوورییەكان لە توركیا تۆماركراوە و نرخی كاڵای ھاوردە وەك دەرمان و بەنزین بەرزبووەوە. ھەرچی وەبەرھێنەری بیانیشە لەو وڵاتە نیگەرانی خۆیان لە خراپی بارودۆخەکە دەربڕیوە، بە تایبەت كە رەجەب تەیب ئەردۆغان ھەوڵەكانی بۆ بەرزكردنەوەی لیرە و پاڵپشتی گەشەی ئابووری وڵاتەكە زیادكرد، كە ئەوەش كاریگەری بەرچاوی لەسەر كاری ئەوان دروستكرد.