وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، لەبارەی فڕۆکەخانەی بەسرە بڕیاری دا

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ڕایگەیاند: گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە بەردەوامن و، کاتی گەشتەکانیش درێژ کراوەتەوە لە کاتژمێر 4ـی بەرەبەیان بۆ کاتژمێر 10ـی شەو.
یەکشەممە 15ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا، ئاماژەی بەوە دا، کاتی گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی بەسرە درێژ کراوەتەوە، لە کاتژمێر 4ـی بەرەبەیان بۆ کاتژمێر 10ـی شەو.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراق، داخستنی ئاسمانی عێراق بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکان دووپات دەکاتەوە، جگە لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە کە گەشتەکان تێیدا ئاسایین.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، باسی لەوەش کردووە، کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقی، کە سەر بە وەزارەتی گواستنەوەیە، دەستی کردووە بە ئەنجامدانی ژمارەیەک گەشت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە بۆ چەند فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوەی ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی کە لەو فڕۆکەخانانەدا گیریان خواردووە.
بە دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەشێک لە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاسمانی وڵاتەکانیان بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکان داخست، لەگەڵ ئەوەی ڕۆژی دواتر چەند وڵاتێک ئاسمانیان بە ڕووی گەشتەکان کردەوە، بەڵام بەهۆی بەردەوامی هێرشەکان جارێکی دیکە وڵاتانی ناوچەکە بڕیارای داخستنی ئاسمانەکانیان دا.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.