ئەمڕۆ لە بەغدا خۆپیشاندانی فراوان دژی ئیسرائیل ڕێک دەخرێت

سەرباری ئەوەی هاووڵاتییانی عێراق ترسییان لەوە هەیە وڵاتەکەیان خۆی لە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل تێوەبگلێنێت، بڕیارە ئەمڕۆ لە بەغدا، لایەن و گرووپە چەکدارەکانی خۆیان بۆ لایەنگیریی کردنی لایەنێکی جەنەگەکە کە ئێرانە یەکلایی کردووەتەوە، خۆپیشاندانێکی فراوان لە ناوچەی سەوزی بەغدا ڕێک بخەن کە باڵیۆزخانەی ئەمەریکای لێیە.

سەیف عەلی، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ئاشکرای کرد، لە دوێنێوە جموجۆڵەکان دژی ئیسرائیل لە بەغدا دەستییان پێکردووە، بەشێوەیەک دوێنێ چەند لایەن و گرووپێکی چەکدار لە ناوچەی سەوزی بەغدا لایەنگرانی خۆیان کۆکردەوە و سلۆدانی دژ بە ئیسرائیلیان بەرزکردبووەوە لە جەنگی دژ بە ئێران، لەگەڵ ئەوەی دانیشتووانی بەغدا لەسەر ئەوە کۆکن، عێراق جارێکی دیکە بەرگەی شەڕێکی دیکە ناگرێت، بۆیە پێویستە لەسەر عێراق لایەنگیری بۆ هیچ لایەنێکی ئەو جەنگە نەکات و خۆی لە شەڕ دوور بخاتەوە، بەشێکی دیکەش پێیان وایە، پێویستە پشتیوانی لە هەڵوێستی حکوومەت بکرێت بۆ سەرکۆنە کردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هەندێکی دیکەش داوا دەکەن، عێراق سکاڵا لە ئەنجوومەنی ئاسایش بکات بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل ئاسمانی وڵاتەکەیانی پێشێل کردووە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و فڕۆکەکانی، چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە، عێراق ئەگەر دووچاری شەڕ ببێت، هیچ ئەنجامێکی نابێت و بەرگەشی ناگرێت.

سەیف عەلی دەڵێت: خۆپیشاندانەکان بووەتە بابەت و ڕۆتینی ڕۆژانە، هەر ڕۆژە و گرووپێکی چەکدار خۆپیشاندان دەکات لە بەغدا، ئەمڕۆش هەر لەم چوارچێوەیەدا خۆ پیشاندان لە ناوچەی سەوزی بەغدا دژی ئیسرائیل و لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمەریکا ڕێک دەخرێت.

پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرای کرد، ئەندامانی فراکسیۆنی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پەرلەمانی عێراق، داوایەکیان کردووە، پێویستە پەرلەمان دانیشتنێکی نا ئاسایی بکات سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل و پێشێلکردنی ئاسمانی عێراق، بەپێی زانیارییەکان 60 پەرلەمانتار واژوویان لەسەر ئەو داواکارییە کردووە، سەرۆکی پەرلەمانیش ڕازی بووە بەوەی دانیشتنەکە سبەی بکرێت، هێشتا ئەوەش ڕوون نییە کە ئایا پەرلەمانی عێراق سبەی گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخە نوێیەکە دەکەن، یاخوود بڕیار دەردەکەن سەبارەت بە پاراستنی ئاسمانی عێراق، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا دەڵێت: هێشتا ڕوون نییە کە ژمارەی یاسایی دانیشتنەکەی پەرلەمان تەواو دەبێت یاخوود نا، چونکە ژمارەیەکی زۆری پەرلەمانتاران لە گەشتی دەرەوەی وڵاتن.

سەیف عەلی ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەکان لە شوێنە جیا جیاکانی بەغدا جێگیر کراون، هێزێکی زۆریش براوەتە ناوچەی سەوز، تەواوی دەرگاکانی ناوچەی سەوز داخراون و بەهێزی ئەمنیی تەندراون، لەبەر ئەوەی دڵی حکوومەتی عێراق و دڵی پێگە دیپلۆماسییەکان لەو ناوچەیەیە.

دوێنێ، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا هۆشداری نامەیەکی لەبارەی زیادبوونی هەڕەشە و مەترسی گرووپە چەکدارەکان بڵاوکردەوە و داوا لە هاووڵاتییانی ئەمەریکی کرد ڕوو لە هەموو شوێنێک نەکەن لەبەغدا.

لە ڕاگەیەندراوەکەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا هاتبوو، هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هاووڵاتییان، بازرگانان و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا زیاد بووە.

هەروەها داوا لە هاووڵاتییانی ئەمەریکا لە عێراق کردبوو، لە شوێنە قەرەباڵغ و گربوونەوە جەماوەرییەکان خۆیان بە دوور بگرن، چونکە ئەگەری هەیە ژیانیان بکەوێتە مەترسی.

هەڵوێستی عێراق سەبارەت بە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە تەواوی دامەزراوەکانی ڕەنگی داوەتەوە، بەشێوەیەک، سبەی سێشەممە 17ـی حوزەیرانی 2025، کاتژمێر 1ـی پاش نیوەڕۆ، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی تاوتوێکردنی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و پێشێلکردنی سەروەریی عێراق بەڕێوە دەچێت.