میدیای ئێران: عەلی شەمخانی لە ژیاندا ماوە

عەلی شەمخانی
عەلی شەمخانی

میدیای ئێران وێنەی عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە برینداری لە نەخۆشخانە بڵاو کردەوە و دەڵێت: لەژیاندا ماوە و لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدایە.

عەلی شەمخانی کە هەینی ڕابردوو لەگەڵ دەستپێکی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەسەختی برینداربوو، هەواڵی کوژرانی لەچەند میدیایەک بڵاو کرایەوە، بۆیە میدیای ئێرانی وێنەی برینداربوونی شەمخانی بڵاو کردەوە.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران بڵاوی کردەوە، تیمێکی پزیشکی، سەرپەرشتی دۆخی تەندروستی شەمخانی دەکەن و ڕاشیانگەیاندووە، دۆخی تەندروستی تا ئێستا جێگیرە پاش ئەوەی چارەسەری زۆرێک لە برینەکانی کراوە کە بەهۆی هێرشەکەوە دووچاری بووەتەوە.

سەرۆکی تیمی پزیشکانی سەرپەرشتیاری تەندروستی شەمخانی ڕایگەیاند: بە هەوڵی تەواوی تیمەکە، توانراوە بەشێکی زۆری برینەکانی چارە بکرێت، ئەمڕۆ دۆخی تەندروستی لە دوێنێ باشترە.

سەرۆکی تیمە پزیشکییەکە گوتیشی: بە لەبەرچاوگرتنی مەترسی و کاریگەرییە نەرێنییەکان لە ئەنجامی تەقینەوەکە کە ئەندامەکانی ژوورەوەی جەستەی لەگەڵ برینداربووە، بۆیە ناتوانین هەڵسەنگاندنی کۆتایی و ورد سەبارەت بە دۆخی تەندروستی بدەین، لەگەڵ ئەوەی دۆخی لە ڕۆژانی ڕابردوو باشتر بووە.

میدیاکانی ئێران پێشتر هەواڵی کوژرانی عەلی شەمخانیان بڵاو کردبووەوە، لەهەندێ میدیاشدا وێنەی شەمخانی لەگەڵ کوژراوانی دیکە بڵاوکرابوویەوە، هەندێ لە میدیا ئاماژەیان بەوەدابوو، لە یەکێ  لە نەخۆشخانەکانی تاران گیانی لەدەستداوە پاش ئەوەی بەر بۆردومانی سووپای ئیسرائیل کەوتووە، بەڵام تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لە حکوومەتی ئێران یاخوود ئیسرائیل لەبارەی کوژران، یاخود سەلامەتی شەمخانی نەدراوە.