4 ئەستێرە شێت و شەیدای یاریکردنن بۆ بارسێلۆنا
هەندێكیان هەر لە منداڵییەوە عاشقی بارسێلۆنان
بارسێلۆنا دوای یەکلاییکردنەوەی گرێبەستی خوان گارسیای گۆڵپارێزی ئیسپانیۆل، ئێستا بیر لە بەهێزکردنی هێڵی هێرشبەری دەکاتەوە و چوار گۆڵكاری كردووەتە ئامانج، بەڵام هێرشبەرە كۆلۆمبییەكەی لیڤەرپوول ئامانجی لەپێشبینەی یانە كەتەلۆنییەكەیە.
بە گوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی كەتەلۆنیا، بارسێلۆنا كێشەی گۆڵپارێزی بە گواستنەوەی خوان گارسیا چارەسەر كردووە، پێشبینی دەكرێت بارسێلۆنا لە چەند كاتژمێری داهاتوو بە فەرمی گرێبەستی ئەم گۆڵپارێزە 28 ساڵانە رابگەیەنێت.
سەرچاوەكە نووسیویەتی: ئێستا خوان لاپۆرتا سەرۆكی بارسێلۆنا و هانزی فلیك راهێنەری یانەكە سەرقاڵی گواستنەوەی هێرشبەرێكن، لویز دیازی هێرشبەری لیڤەرپوول بژاردەی یەكەمیانە، لە دوای ئەوەیش لەسەر مێزی یانە كەتەلۆنیاییەكە ئەم هێرشبەرانەش باس دەكرێن: نیکۆ ولیامزی یاریزانی ئەتڵێتیک بیلباو، مارکۆس راشفۆرد هێرشبەری مانچێستەر یونایتد، لەگەڵ ئیڤان پێرسیچ كە ئێستا یاریزانێكی ئازادە و بێ یانەیە، ئەم چوار یاریزانە ئارەزووی یاریکردنیان بۆ بارسێلۆنا هەیە و دەیانەوێت وەرزی داهاتوو لە کامپ نۆی نوێ یاری بۆ کاتالانییەکان بکەن.
هەر لە منداڵییەوە عاشقی بارسێلۆنایە
لویز دیاز سەبارەت بە کاریگەری باوکی هەر لە منداڵییەوە عاشقی بارسێلۆنایە و هۆشی تەنیا لای ئەم یانەیەیە، دانوستان بۆ نوێکردنەوەی بۆندەکەی لەگەڵ لیڤەرپوول راگرتووە و هەوڵ دەدات ئەرکی بارسێلۆنا سووک بکات. دیاز وا هەست دەکات لە لیڤەرپول گرنگییەکی ئەوتۆی پێنادرێت و ئێستا هەلی پۆشینی درێسی بارسێلۆنای هەیە، دەیەوێت سوود لەم هەلە وەربگرێت و وەرزی داهاتوو بۆ بارسێلۆنا یاری بکات.
هەوڵ بۆ نزیکبوونەوە لە یامال دەدات
ساڵی رابردووش بارسێلۆنا بەدوای نیکۆ ویلیامز بوو، بەڵام لە کۆتاییدا لە ئاتڵێتیتک بیلباو مایەوە، هەرچەند ئێستا بایرن میونشن و ئارسێناڵ ئەم یاریزانەیان دەوێت، بەڵام نیكۆ بژاردەی یەكەمی یاریکردنە لەگەڵ لامین یامال بۆ بارسێلۆنا.
مارکۆس راشفۆرد بەمووچەیەكی كەم رازییە
مارکۆس راشفۆردی تەمەن 27 ساڵان بژاردەیەکی باشە بۆ بەهێزکردنی لای چەپی بارسێلۆنا، ساڵی رابردوو بە پارەیەکی کەم لە بارسێلۆنا نزیک ببووە، بەڵام لە کۆتاییدا بەشێوەی خواستن بۆ یانەی ئاستۆن ڤیلا گوازرایەوە، ئێستا چاوی بڕیوەتە بارسێلۆنا و بژاردەی دوای دیاز و ویلیامزە، هەڵبەت بە پاریەکی کەمتر لەم دوو یاریزانە.
ئیڤان پیرسیچ چاوەڕوانی بارسێلۆنایە
ئیڤان پرسییچی تەمەن 36 ساڵان، لە لایەن هانزی فلیکەوە داواکراوە، فلێک لە سەردەمی راهێنەرایەتی بایرن میونشنەوە ئەم یاریزانە دەناسێت و سەرسامە بە ئاستبەرزی ئەو ناوەراستكارە كرواتییە، ئەم یاریزانە توانای یاریکردن لە چەند شوێنی یاریگای هەیە و یاریزانێکی تەواو رکابەرە. پێرسیچ دلە جامی جیهانی ساڵی داهاتوو یاری بكات، هەر بۆیە چاوەڕوانی یانەی بارسێلۆنا دەکات، هەڵبەت بە مووچەیەکی کەمتر لە 3 بژاردەکەی دیکەی بارسێلۆنا.
ئا: محەمەد شەهدی