ڕاگەیاندراوێک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بۆ ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات، هەموو ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە، پێویستە سەردانی نزیکترین نووسینگەی نێردە دیبلۆماسییەکانی تورکیا بکەن

دووشەممە، 16ـیی حوزەیرانی 2025، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی ئەو کەسانە بڵاوکردەوە، کە لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە و لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، پێویستە سەرجەم هاوولاتیانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی وڵات سەردانی نزیکترین نووسینگەی نێردە دیبلۆماسییەکانی تورکیا بکەن.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، ئەو تکێتەی کە پێی دەگەڕێنەوە، لە وڵاتی تورکیا لە ڕێگەی یەکێک لە هێڵە ئاسمانییە تورکییەکان ببڕدرێت، پێویتە دڵنیاببیتەوە لەو تکتەی بڕیوتە بەرلەوەی بچیتە کونسوڵخانە بۆ وەرگرتنی ڤیزا.

دەقی ڕاگەیاندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

هاونیشتیمانی ئازیز، دوابەدوای هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهاناوەچوونی هاونیشتیمانیان و گەڕاندنەوەیان بەسەلامەتی کە گەشتەکانیان بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەکان ڕاگیراوە، بۆ هەموو ئەو هاونیشتیمانیانەی کە پەیوەندیتان بە هێڵە گەرمەکانەوە کردووە، یاخود فۆرمی ئۆنلاینی تایبەتتان پڕ کردووەتەوە و ئەوانەش لە هەرشوێنێکی تری جیهان گیرتان خواردووە، تکایە بفەرموون بە ئەنجامدانی ئەو خاڵانەی خوارەوە بۆ وەرگرتنی ڤیزای وڵاتی تورکیا و گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

1. سەردانی نزیکترین نووسینگەی نێردە دیبلۆماسییەکانی تورکیا کونسوڵخانە یاخود باڵیۆزخانەی تورکیا بکەن لەو وڵاتانەی کە تێدا گیرتان خواردووە، ڕاستەوخۆ ڤیزای ترانزێتی سێ ڕۆژتان پێدەدرێت بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتی تورکیا، دواتر بە ڕێگەی وشکانی بۆ هەرێمی کوردستان.

2. پێویستە ئەو تکێتەی کە پێی دەگەڕێنەوە، لە وڵاتی تورکیا لە ڕێگەی یەکێک لە هێڵە ئاسمانییە تورکییەکان ببڕدرێت و جیاوازی ناکات بۆ هەر فڕۆکەخانەیەکی وڵاتی تورکیا بێت.

3. هاونیشتیمانی ئازیز تکایە لەو خاڵانەی خوارەوە بە وردی لەبەرچاو بگرن:

• دڵنیا ببەوە لەوەی کە تکێتەکەت بڕیبێت بەر لە چوونت بۆ کونسوڵخانە بۆ وەرگرتنی ڤیزا، چونکە مەرجە تکێتەکەت لە هێڵێکی تورکی بێت تاوەکوو سوود لەو کارئاسانییە وەربگری.

• دڵنیاببەوە لەوەی کە72 کاتژمێرەکەت دوای وادەی دەرچوونت بێت لەو وڵاتە، چونکە ڤیزەکە تەنها بۆ ٧٢ کاتژمێرە.

• پێویستە ئەو کەسانەی کە داواکاریی وەرگرتنی ڤیزای وڵاتی تورکیا پێشکەش دەکەن، ناویان لە لیستی قەدەغەکراوانی ئەو وڵاتە نەبێت و هیچ پێشینەیێکی نایاساییان لەو وڵاتە لەسەر نەبێت.

• ئەگەر هات و پاسپۆرتەکەت، پاسپۆرتی دۆمۆنیکا یاخود هەر پاسپۆرتێکی ترە، پێویستە پاسپۆرتە عێراقییەکەت لەگەڵ خۆت ببەی بۆ نووسینگەی نێردە دیبلۆماسییەکان، تاوەکوو سوودمەند بیت لەو کارئاسانییە.

بۆ زانینتان ئەو کارئاسانییە کاتییە و تەنیا تاوەکوو کردنەوەی ئاسمانی عێراق بەردەوام دەبێت.

تکایە لە بوونی هەر کێشەیەک هەمان هێڵە گەرمەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی وەزارەتی ناوخۆ، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەکار بهێنە و لە کاتی گەیشتنتان بۆ خاڵی سنووریی ئیبراهیم خەلیل، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی تیمەکانی پێشوازییەوە لە پێشوازیتاندایە و ئاسانکاریی تەواویان کردووە و لە چاوەڕوانیتاندان. 

ئەو هاووڵاتییانەش کە لەو ناوچانەن کە بە وەرگرتنی ڤیزای وڵاتی تورکیا کێشەکانیان چارەسەر نابێت، دڵنیاتان دەکەینەوە کە هەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە و تاوەکوو هەر هاونیشتیمانیەک مابێت، ناوەستین و بەردەوام دەبین.