گەرمیان: کەمی باران بارین کاریگەری خراپی لەسەر جوتیار و ئاژەڵداران دروستکردووە

بەهۆی کەمی باران بارین، لە گەرمیان خەڵکی گوندی بنکەی خەپە کۆێری، لە گوندەکە کۆچ دەکەن و بەهۆیەوە چەندین خێزان لەو گوندە کۆچیان کردووە و ئەوانەشی لە گوند ماون بە تانکەر ئاو دابین دەکەن.
سێشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2025، هێمن حوسێن ، بەڕێوبەری هۆبەی کەشناسی کفری بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە ماوەی 25 ساڵدا لە سنووری گەرمیان 13 ساڵی وشکەساڵی بووە، گۆڕانی کەش و هەوا کاریگەرییەکی خراپی کردووەتە سەر کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی و بەنداوەکان، بەتایبەتی بۆ نەمانی لەوەڕگا و کەمبوونەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی ئۆکسفام-ی نێودەوڵەتی، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، تاوەکو ساڵی 2050 دابینکردنى ئاو لە عێراق بەرێژەی 30٪ کەمدەبێتەوە، دەشڵێت، گوندنشینان زەرەرمەندی یەکەم دەبن.