بازگەی چیمەن دانیشتوانی سنوورەکەی هەراسان کردووە
هاووڵاتیانی گوندی چیمەن لە کەرکووک گردبوونەوە و ڕێگەی نێوان سلێمانی کەرکووکیان گرت، چونکە بەگوتەی ئەوان بارهەڵگرەکان کە لە بازگەی چیمەن دەوەستن ڕێگەکە دەگرن و بووەتە هۆی هەراسان کردنیان.
چوارشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2025، هاووڵاتیەکی ناڕازیی بە کوردستان24ـی گوت: ئەو بارهەڵگرانە ڕێگاکە دەگرن، چەندین شەڕ و ئاڵۆزی ڕوویداوە، جاری واهەیە دوو کاتژمێر دەوەستین بۆ ئەوەی بچینە سەرکارەکانمان، بۆیە ئێمە نەخۆشمان هەیە، حاڵەتی فریاکەوتنمان هەیە نابێت ئەو رێگایە بەو شێوەیە بێت.
گوتیشی: ئەو شۆفێرانە حیساب بۆ پۆلیسی هاتووچۆ ناکەن، بۆیە داوا لە پارێزگاری کەرکووک دەکەین چارەی ئەو کێشەیەمان بۆ بکات یان مەفرەزەیەکی پۆلیسمان بۆ دانێن، لەبەر ئەوەی نامانەوێت هیچ ڕووداوێک ڕووبدات.
هاووڵاتیەکی دیکە دەڵێت: خەڵکی گوندی چیمەن زۆر ناڕازیین لەو بارهەڵگرانە، کە بە شەو و ڕۆژ بوارمان نادەن بێینە سەر شەقامەکە، هیچ حیساب بۆ ڕێگاکەش ناکەن، واتە نەدەتوانین بێینە ناو گوندەکە نەدەتوانین دەرچین، هەروەها چەندین ڕووداوی هاتووچۆش ڕوویداوە.
ئاماژەی بەوەش دا، حکوومەت لەو بازگەیە لەسەر حیسابی ئەو گوندە پارە کۆدەکاتەوە، بۆیە داواکارین چارەی ئەو کێشەیە بکەن.
هاووڵاتیەکەی دیکە باسی لەوەش کرد، لەسەرەتای هاتنی پارێزگاری نوێی کەرکووک، ئەو بازگەیە لادرا و هیچ کێشە نەما، دواتر داندرایەوە، ئێستا ڕیزی بارهەڵگرەکان تاوەکوو قەرەهەنجیر درێژ دەبێتەوە، بۆیە داواکارین پارێزگار ئەو کێشەیە چارە بکات.
یەکێک لە شۆفێری بارهەڵگرەکان گوتی: من لە کاتژمێر 4ـی بەیانییەوە لێرەم و ناهێڵن بڕۆم، ئەو هاووڵاتیانەش مافی خۆیانە و ئێمەش مافی خۆمانە بڕۆین.