گۆڤارە فەرەنسییەکە دووبارە کاریکاتێرەکانی پێغەمبەری ئیسلام بڵاودەکاتەوە
بەهۆی ئەو کاریکاتێرانە 12 کەس لە ساڵی 2015 کوژران
K24 - هەولێر
گۆڤاری شارلی ئێبدۆی فەرەنسی، رایگەیاند دووبارە ئەو کاریکاتێرانەی پێغەمبەری ئیسلام بڵاودەکاتەوە، کە بەهۆیانەوە لە مانگی کانوونی دووەمی 2015 رووبەڕووی هێرش بووەوە و 12 کەس لە هێرشەکەدا کوژران.
12 کەس، لەنێویاندا ژمارەیەک لە ناودارترین کاریکاتێریستەکانی فەرەنسا لەو کەسانە بوون کە لە هێرشێکی چەکداری لە 7-1-2015 لە پاریس کوژران، کاتێک دوو برای جیهادیی چەکدار هێرشیان کردە سەر بارەگای گۆڤارەکە بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئەو کاریکاتێرانە.
سەعید و شەریڤ کۆواچی، دوو برابوون و هێرشە چەکدارییەکەیان بۆ سەر بارەگای شارلی ئێبدۆ ئەنجامدا، هەرچەندە هەردووکیان کوژران، بەڵام دەگوترێت 14 کەسی دیکە دەستیان لەو هێرشەدا هەبووە، کە جگە لە بارەگای گۆڤارەکە، مارکێتێکی تایبەت بە جووەکانیشی لە پاریس کردە ئامانج. سبەی دەست بە دادگاییکردنی 14 کەسەکە دەکرێت.
لە 12 کاریکاتێرەکەی پێغەمبەری ئیسلام کە سەرەتا لەلایەن رۆژنامەی جیلان-پۆستنی دانیمارکی بڵاوکراونەتەوە لە ساڵی 2005 و دواتر لەلایەن گۆڤاری شارلی ئێبدۆ لە 2006، پێغەمبەری ئیسلام وەکو کەسێکی چەکدار وێنادەکرێت، کە دوو ژنی بە پەچەی لە نزیکەوەیە و لەجیاتی عەگال، بۆمبێکی بەسەرەوەیە.
لە بەرگی سبەی گۆڤارەکە، کاریکاتێرێکی پێغەمبەری ئیسلام هەیە، کە لەلاین ژان کابووت کێشراوە. کابووت یەکێک بوو لەو کاریکاتێریستانەی لە هێرشەکەی 2015 کوژرا. هەروەها بە سەردێڕێکی گەورە نووسراوە "ئەو هەمووە، تەنیا لەپێناو ئەمە".
تیمی ئێدیتۆریاڵی شارلی ئێبدۆ نووسیویەتی "ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ بڵاوکردنەوەی کاریکاتێرەکان، کە لە 2015ـەوە زۆرە داوامان لێدەکرێت بڵاویانبکەینەوە، بەڵام هەمیشە داواکەمان رەتکردووەتەوە، نەوەک بەهۆی ئەوەی قەدەغەیە، چونکە یاسا رێگەمان پێدەدات بڵاویبکەینەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی پێویستمان بە هۆکارێکی باش بوو بۆ ئەوەی دووبارە بڵاوی بکەینەوە و شتێک بێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت".
لە گۆڤاری شارلی ئێبدۆ گاڵتە بە زۆر کەس و کەسایەتی دەکرێت، بۆیە وەکو سیمبوولێکی ئازادیی رادەڕبرین لە فەرەنسا سەیر دەکرێت، بەڵام لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کاریکاتێرەکانی پێغەمبەر، هەندێک کەس پێیانوابوو سنووری بەزاندووە.
هێرشکردنە سەر گۆڤارەکە و کوشتنی 12 کەس بووە هۆی ئەوەی هەموو فەرەنسا و لە زۆربەی وڵاتانی دیکەی جیهان هاشتاگی JeSuisCharlie# (من شارلیم) وەکو ناڕەزاییەک لەدژی هێرشەکە و پاڵپشتییەک بۆ گۆڤارەکە بەکاربێت، لە سۆشیاڵمیدیاکانی کوردستانیش ئەوکاتە ژمارەیەکی زۆری خەڵک هاشتاگەکەیان بەکارهێنا.