بڕیارێکی حكومەتی عێراق زیان بە زێڕنگران دەگەیەنێت
هەناردەکردنی باری زێڕ لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوەی وڵات قەدەغە کراوە
K24 - ھەولێر
بە گوێرەی بڕیارێکی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، کە لە 25ـی مانگی رابردووەوە دەرکراوە، هەناردەکردنی باری زێڕ لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوەی وڵات قەدەغە کراوە. ئەوەش زیانی بە بازاڕی زێڕنگران گەیاندووە و ناتوانن ئەو زێڕەی لە هاووڵاتییان وەریدەگرن هەناردەی دەرەوەی بکەن، بەو هۆیەوە نرخی مسقاڵی زێڕی نوێ و شکاو جیاوازیان زۆر بووە.
ئەمڕۆش نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بۆ 345 هەزار دینار بەرزبووەوە، بەڵام بەهۆی وەستانی هەناردەکردن زێڕنگران ناتوانن نرخی زێڕی شکاو وەربگرن، بۆیە نرخی زێڕ شکاو بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21ـی خەلیجی شکاو بە 325 هەزار دینار و نرخی مسقاڵێک زێڕی عێراقی هەمان عەیار بە 321 هەزار دینار دەکڕنەوە.
هاوکات لە بازاڕەکانی جیهانیشدا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 1% و 20 دۆلار بۆ 1992 دۆلار بەرزبووەوە.
