یاریزانانی ریال مەدرید و هیلال وەڵامی كوردستان24 دەدەنەوە

كانسێلۆ بۆ كوردستان24: من هێشتا هاندەری بارسێلۆنام

دین هۆیسن، كۆرتوا، ماڵكۆم و یاسین بوونۆ
دین هۆیسن، كۆرتوا، ماڵكۆم و یاسین بوونۆ

دوای كۆتایی هاتنی یاریی لوتكەی نێوان ریال مەدرید و هیلالی سعوودیە لە مۆندیالی یانەكان، یاریزانانی هەردوولا وەڵامی پرسیارەكانی نێردراوی كوردستان24ـیان دایەوە، دین هۆیسن ئەو قسەیەی ئاشكرا كرد كە ئالۆنسۆ بە یاریزانەكانی گوتبوو، لە لایەكی دیكەیشەوە كانسێلۆی بەرگریكاری هیلال بە كوردستان24ـی گوت من هێشتا هاندەری بارسێلۆنام و ئەو یانەیەم زۆر خۆشدەوێت.
ریال مەدرید لە یەكەمین یاریی لەژێر سەرپەرشتی چابی ئالۆنسۆ لە مۆندیالی یانەكان بەرامبەر هیلالی سعوودیە بە گۆڵێك بۆ هەرلایەكیان بەرامبەربوو، لە دوای یارییەكە یاریزانانی هەردوولا هاتنە بەردەم كەناڵە تەلەڤزیۆنە ناودارەكانی جیهان، لەنێویاندا كوردستان24ـیش لە شوێنی كۆنگرەكە لە مەیامی ئامادەبوو.

كۆرتوا: پلانەكانی ئالۆنسۆ وەكو پێویست جێبەجێ نەكرا
كۆرتوا، گۆڵپارێزی یانەی ریال مەدرید لە وەڵامێكی كوردستان24 رایگەیاند بەرامبەر هیلال هەر بە شێوازی ئانچیلۆتی یارییان کرد و هێشتا پلانەکانی ئالۆنسۆ جێبەجێ نەکراوە، دەشڵێت: نەخێر یەكسانبوون لەگەڵ هیلال هیچ شتێکی نامۆ و سەیروسەمەرە نییە، ئەوان یاریزانی زۆر باش و لێهاتوویان هەیە و یانەکە لە ئاستێکی بەرزی جیهانی یاری دەکات، نابێت هاندەران بێهیوابن، راستە سێ خاڵی یەکەم زۆر گرنگە، بەڵام لە تۆمار کردنی گۆڵ بەخت یاوەرمان نەبوو، ئەمەش لە تۆپی پێدا ئاساییە.
كۆرتوا هێمای بۆ ئەوەش كرد لە نیوەی دووەم بەهەموو شێوەیەک یارییەکە لە بەرژەوەندی ئەوان دا بوو، تەنیا بەخت رێگربوو لە گۆڵی پێشکەوتنیان، دەشڵێت: نامەوێت لە ئاستی یانەیەکی وەک هیلال کەم بکەوە ئەوانیش بۆ بردنەوە هاتبوون، هیچ یانەیەکیش لە کۆمەڵەکە ئاسان نییە.

دین هۆیس قسەكانی ئالۆنسۆی بۆ كوردستان24 ئاشكرا كرد
یاریزانە نوێیەكەی ریال مەدرید لەبارەی رێنماییەكانی ئالۆنسۆ بە شوكر محەمەدی پەیامنێری كوردستان24ـی گوت لە دوای كۆتایی هاتنی نیوەی یەكەم بەرامبەر هیلال ئالۆنسۆ پێی گوتوون ئەگەر بەردەوام بن لە هێشتنەوەی تۆپ و كۆنترۆڵكردنی تۆپ دەرفەتی گۆڵكردنیان بۆ دەرەخسێت، دەشڵێت: بەهۆی ئەو كەشوهەوایە گەرمە، نەمانتوانی هەرزوو لە یەكەمین یاریی خۆمان لەگەڵ پلانەكانی ئالۆنسۆ بگونجێنین، ئەنجامەكە بە ئاسایی دەبێت قبوڵ بكەین راهێنەرەكەمان و بەشێك لە یاریزانەكان تازەین. پێموایە یارییەكی باشمان كرد و شایستەی ئەنجامێكی باشتر بووین، هەر چەندە، یارییەكە كەمێك ئاڵۆز بوو، هیلال زۆر بە باشی بەرگرییەكی نایابی كرد، ـ یاریزانانی هیلال لە ئاستێكی بەرز و گەورەدان، بەڵام لەبیر نەكەن، ئێمە ریال مەدریدین و هەرزوو ئەم یارییە لەبیر دەكەین و پلان بۆ یاریی داهاتوو دادەنێین.

ئارنۆلد بۆ كوردستان24: بۆ من رۆژێكی مێژوویی بوو
ئەلێكساندەر ئارنۆڵد لە وەڵامێكی كوردستان24 رایگەیاند بۆ ئەو رۆژێکی مێژوویی و شانازییەكی گەورە بوو بە دریسی ریال مەدرید دەرکەوت، دەشڵێت: لەم یانەیە تێدەگەم تەنیا یەك بژاردەمان لەبەردەمە، ئەویش بردنەوەیە، داوا دەكەم ئارام بگرن ئێمە جارێ لەگەڵ راهێنەر تازەین، بۆ نازناوەكەش هاتووینەتە ئێرە.

لێدوانی ماڵكۆم هێرشبەری هیلال بۆ كوردستان24
ماڵكۆم، هێرشبەرە بەرازیلییەكەی پێشووی بارسێلۆنا و ئێستای هیلالی سعوودیە رایگەیاند ئەوان یانەیەكیان وەستاندووە كە هەمووان لێی دەترسان، دەشڵێت: ئێوە دەزانن ئێمە لەگەڵ كێ یەكسانبووین، لەگەڵ ریال مەدرید، یانە گەورە و مێژووییەكەی جیهان.
ماڵكۆم لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دا گوتی: نێیمار ئێستاش پەیوەندی لەگەڵ من و یاریزانەكانی هیلال هەیە، پێش یارییەكە هیوای بردنەوەی لە ریال مەدرید بۆ خواستین، ئێمە متمانەمان بەخۆمان هەیە لەم گرووپە سەربكەوین

كانسێلۆی بەرگریكاری پۆرتوگالی چی بە كوردستان24 گوت؟
كانسێلۆ، بەرگریكاری پێشووی بارسێلۆنا و ئێستای یانەی هیلال لە یەكەمین لێدوانی دا بۆ كوردستان24 رایگەیاند ئەو هێشتا بارسێلۆنای خۆشدەوێت، دەشڵێت: كاتێك بەرامبەر ریال مەدرید یاریی دەكەم هەست بەجۆش و خرۆشێكی گەورە دەكەم و هیلاك نابم، هەر كەسێك رەخنە لە خولی سعوودیە بگرێت هەڵە دەكات، پێش ئەوەی قسە بكات پێویست بێتە ئێرە و بیبینێت كە ئەو وڵاتە چ پرۆژەیەكی گەورەی هەیە.رزگاركەرەكەی هیلال پەیامی هەبوو
یاسین بوونۆ گۆڵپارێزی یانەی هیلال كە لە یارییەكە لێدانێكی پێناڵتی ڤاڵڤێردی گەڕاندەوە، رایگەیاند راستە لە نێوان ریال مەدرید ئەوان جیاوازی زۆر هەیە، بەڵام هیلال کەمتر نییە لە هیچ یانەیەک، دەشڵێت: ئێمەش یاریزانی باشی نێودەوڵەتی گەورەكان هەیە، ئاست و ئەزموونی گەورەیان لە خولەکانی ئەوروپا هەیە، منیش پێشتر لە ئەورووپا دڵخۆشبووم، لە هەرشوێنێکیش هەست بە دڵخۆشی بکەیت هەرگیز لە یادی ناکەیت.
یاسین بوونۆ: بەگستی تیپەکەمان بەرامبەر ریال مەدرید ئاستێکی نایابی پێشکەش کرد، راستە گەڕاندنەوەی لێدانە سزاکە کاریگەری هەبوو، بەڵام ئینزاگی رۆڵی زۆری هەبوو، ئەو بەئێمەی گوتبوو ئێوە پاڵەوانن لەرووی ئامادەکاری دەروونیەوە زۆر باشبوون.