ئەمەریکا و فەرەنسا و ئوسترالیا پرسی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران تاوتوێ دەکەن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و ئوسترالیا بە تەلەفۆن قسەی کرد و دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی لەگەڵیاندا تاوتوێ کرد.
هەینی 20ـی حوزەیرانی 2025، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ڕایگەیاند: مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە، بە جیا لەگەڵ ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و پێنی وۆنگ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا، بە تەلەفۆن قسەی کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، دەڵێت: لە میانەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ڕوبیۆ و هەردوو هاوتا فەرەنسی و ئوسترالییەکەی، باسیان لە جەنگی ئێران و ئیسرائیل و دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی کرد.
تامی برووس، باسی لەوە کرد، مارکۆ ڕوبیۆ، ژان نوێل بارۆ و پێنی وۆنگ، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.