ئیسرائیل هێرشی بۆ سەر ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی سەربازی لە تاران کرد

 ئەمڕۆ هەینی، 20ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل لە هەشتەمین ڕۆژی شەڕی نێوان، ئێران و ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە ماوەی شەوێکدا دەیان ئامانجیان لە تاران بۆمباران کردووە، بەتایبەتی ئەو ئامانجەی کە بە "ناوەندێکی لێکۆڵینەوە و پەرەپێدان بۆ بەرنامەی چەکی ئەتۆمی ئێران" وەسفی کرد.

سوپا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەش کرد، "زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە ناو جەرگەی تاران و دەیان ئامانجیان بۆمباران کردووە، لەوانەش شوێنەکانی بەرهەمهێنانی مووشەکی سەربازی و بارەگای داهێنان و لێکۆڵینەوەی بەرگریی، کە بەرپرسە لە لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی ئێران".

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە سەدان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر  تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون. و تا ئێستاش هێرشەکان بۆ سەر یەکتر بەردەوامە.