وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: دوو بۆ سێ ساڵ ئێرانمان دواخست بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل 'دوو بۆ سێ' ساڵی دیکە توانای ئێرانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دواخست.

جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی، گوتی: هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئەنجامێکی بەرچاوی هەبووە.

گوتیشی: ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر سەدان شوێنی ئەتۆمی و سەربازی ئێران کە لەئەنجامدا فەرماندە باڵاکان و زانایانی ئەتۆمی کوژران، ئەمەش بەدەستهێنانی ئەنجامێکی زۆر گەورەیە.

جەدعون ساعر ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنانەی دەیبیستین، بەلایەنی کەمەوە توانای ئێرانمان بۆ بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمیی 'دوو بۆ سێ' ساڵ دواخستووە.

جەختیشی کردەوە، "ڕاستییەکەی ئێمە ئەو کەسانەمان لەناوبرد، کە سەرکردایەتی بەرنامە ئەتۆمییان دەکرد و بەرەو پێشەوەیان دەبرد، ئەمەش شتێکی زۆر گرنگە".

باسی لەوەش کرد، تا ئێستا دەستکەوتی زۆرمان بەدەستهێناوە، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەین، بۆ نەهێشتنی ئەم مەترسییە و ناوەستین.