كاردانەوەی یاریزانانی بایرن میونشن و بۆكاجۆنیۆرز

مانوێل نویر: بەهۆی ئەم یاریزانە زۆر دڵتەنگ دەبم

لێدوانی ئەستێرەكانی بایرن میونشن لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی ـ مەیامی 21 حوزەیرانی 2025
لێدوانی ئەستێرەكانی بایرن میونشن لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی ـ مەیامی 21 حوزەیرانی 2025

دوای بردنەوەی یانەکەیان بەرامبەر یانەی بوکاجۆنیۆرزی ئارجێنتینایی، بەشێک لە یاریزانەکانی یانەی بایرن میونشن دوای یارییەکە، بە ئامادەبوونی شکور محەمەد نێردراوی کوردستان24 بۆ مۆندیالی یانەکان لە ئەمریکا، باس لە بردنەوەکەیان کرد، هاری کەین گۆڵکاری یانەکە دەڵێت تینوی بردنەوەی زیاترە، هەروەها مانوێل نۆیەری گۆڵپارێزیش دڵتەنگە بە جیابوونەوەی لێرۆی سانێ لە یانەکەیان.

هاری كەین: ئەم پاڵەوانێتییەم زۆر خۆشدەوێت
هاری كەین هێرشبەری یانەی بایرن میونشن دوای یارییەكەیان بەرامبەر بۆكاجۆنیۆرز رایگەیاند یارییەکی زۆر قورس بوو، دەشڵێت: نیوەی یەکەم ئاستێکی باشمان پێشکەش کرد و دەرفەتی ئەوەمان هەبوو، دوو بۆ سێ گۆڵ تۆمار بکەین. بەڵام ئەوانیش بەتایبەتی لە نیوەی دووەم زۆر بە باشی توانیان کۆنترۆڵی یارییەکە بکەن، ئێمە هەستمان پێکرد لە دەرەوەی یاریگای خۆمان یاری دەکەین، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە هاندەرانی بۆكا لە یاریگە ئامادەبوون. من ئەمجۆرە پاڵەوانێتیانەم زۆر خۆشدەوێت و تینوی بردنەوەی زیاترم، ئەم یارییەش یەكێك بوو لە سەرنجراكێشترین یارییەكانی ژیانم.

 

مانوێل نویر: لە دوای مۆندیالی یانەكان دڵتەنگ دەبم
مانوێل نویر، گۆڵپارێزی یانەی بایرن میونشن رایگەیاند هەست بە شانازی دەكەن كە بوونە یەكەمین یانە توانیان لە مۆندیالی یانەكانی 2025 شكست بە یانەیەكی ئەمریكای باشوور بێن، دەشڵێت: زۆر دڵخۆشم بە بردنەوەمان لە دووەم یاری مۆندیالی یانەکان، راستە سەرکەوتنمان بۆ قۆناغی شازدە مسۆگەر کردووە، بەڵام لەم قۆناخە ئەرکمان قورستر دەبێت، بۆیە دەبێت زیاتر خۆمان ماندوو بکەین. ئەوەی کە منی نیگەران کردووە جیابونەوەی لێرۆی سانێیە، ئەو ئێستا یاریزانی یانەی گەڵاتەسەرایە، ئەمە دوایین پاڵەوانێتی ئە یاریزانەیە لەگەڵ ئێمە، بەداخەوە دوای کۆتایی هاتنی ئەم وەرزە سانێ جێمان دەهێڵێت، بەراستی دوای چوونی بیری دەکەم و دڵتەنگ دەبم، ئێمە بە  هیچ شێوەیەک بیر لەوە ناکەینەوە کە ئەم یارییانە وەکو مەڕاسیمی ماڵئاواییە بۆ سانێ، ئەم یاریزانەش هیچ ساردبوونەوەیەكی پێوە دیار نییە و بە هەموو هێزەوە بەرگری لە درێسی بایرن دەكات.