بەریتانیا: ئاگاداری هێرشەکەی ئەمەریکا بووین، بەڵام بەشداریمان نەکرد

ئاڵای ئەمەریکا (ڕاست) و ئاڵای بەریتانیا (چەپ)
ئاڵای ئەمەریکا (ڕاست) و ئاڵای بەریتانیا (چەپ)

بەریتانیا ڕەتی دەکاتەوە بەشداریی هێرشکردنە سەر ئێرانی کردبێت، بەڵام نایشارێتەوە پێشتر لە هێرشەکە ئاگادار کراوەتەوە.

یەکشەممە، 22-06-2025، جۆناسان ڕێنۆڵدز، وەزیری بازرگانیی بەریتانیا ڕایگەیاند، بەریتانیا بەشداریی لە هێرشەکەی ئەمەریکا بۆسەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی نەکردووە، بەڵام پێشوەختە لەلایەن واشنتنەوە ئاگادار کراوەنەتەوە.

وەزیری بازرگانیی بەریتانیا، ئاماژەی بەوەش داوە، ئەمەریکا داوای نەکردووە بنکەی سەربازی 'دییگۆ گارسیا' لە زەریای هندی کە لەلایەن بەریتانیاوە خاوەندارێتی دەکرێت، بۆ هێرشکردنەسەر ئێران بەکار بهێنێت.

لە لایەکی دیکەوە، کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە پەیامێکدا، لە دوای هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێران، ڕایگەیاند "ناکرێت هەرگیز ڕێگە بە ئێران بدرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هەر بۆیە ئەوەی ئەمەریکا کردوویەتی، هەنگاوێک بووە لە پێناو کەمکردنەوەی هەڕەشەکان."

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، دووپاتی کردووەتەوە "دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزە و پێویستە سەقامگریی ناوچەکە کاری لە پێشینە بێت، داوا لە هەموو لایەک دەکەین بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان."

هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیویەتی "ئێمە، هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان. هەموو فڕۆکەکان ئێستا لە دەرەوەی ئاسمانی ئێرانن.  بارێکی تەواو لە بۆمب  بۆ سەر بنکە سەرەکییەکە واتە فۆردۆ، خرایە خوارەوە."

لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەی ترەمپدا هاتووە "هەموو فڕۆکەکان بە سەلامەتی لە ڕێگەی گەڕانەوەدان بۆ نیشتمان. پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین. هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات. ئێستا کاتی ئاشتییە! سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم بابەتە."

دوای هێرشەکانی ئەمەریکا، سوپای پاسداران لە پەیامێکدا ڕایگەیاند ''جەنگی ئێمە ئێستە دەستی پێ کرد.'' دوای ئەم پەیامەش، ئێران بە دوو شەپۆل، زیاتر لە 30 مووشەکی بالیستی گرتە ئیسرائیل. بە گوێرەی دەستەی فریاگوزاریی ئیسرائیل، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممەی ئێران، زیاتر لە 20 هاووڵاتیی سڤیل بریندار بوون کە برینی دوانیان سەختە. 

ئەمە لە کاتێکدایە، شەڕی ئێران و ئیسرائیل چووەتە هەفتەی دووەمەوە و ڕۆژانە هەردوولا بۆمبارانی یەکدی دەکەن.

سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و  چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت. 

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگ تا ڕۆژی شەممە، 21-06-2025، 430 کەس لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون و زیاتر لە 3500 کەسی دیکەش بریندار بوون؛ کە زۆرینەیان هاووڵاتیی سڤیلن.