ڕوبیۆ: بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران ئامادەین
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، دووپاتی کردەوە، نایانەوێت لەگەڵ ئێراندا بکەونە شەڕەوە. جەختی لەوەش کردەوە، بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران ئامادەن.
یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزدا، گوتی: ئێستا جیهان ئارامتر و سەقامگیرترە لە 24 کاتژمێر لەمەوبەر.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لەبارەی ئێرانەوە گوتی: نامانەوێت لەگەڵ ئێران بکەوینە شەر، هەروەها ئامادەین لەگەڵ وڵاتەکەدا دانوستان بکەین.
دەشڵێت: ئەگەر ئێران کاردانەوەی هەبێت، لە بەرانبەر هێرشەکانی ئەمڕۆی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی، ئەوا گەورەترین هەڵە دەکات.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، ئێستا ئێران هەموو ئەو کەرستانەی کە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆم پێویستە، لەبەر دەستییەتی، هەروەها وڵاتەکە یۆرانیۆمی پێویستی بۆ دروستکردنی 9 بۆ 10 بۆمبی ئەتۆمی هەیە.
مارکۆ ڕوبیۆ، گوتیشی: بەشێک لەو وڵاتانەی کە لە ڕاگەیەنراوەکانیاندا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمڕۆی ئەمەریکایان کردووە، بە شێوەیەکی نهێنی هاوڕای ئێمەن کە پێویست بوو ئەم کارە بکرێت.
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی پلان بۆ داڕێژراومان لە دژی ئێران نییە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانـیان لە ئێران بۆمباران کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ڕایگەیاند: هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان.
گوتیشی: پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین، هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات، ئێستا کاتی ئاشتییە.