وەزیری بەرگریی ئەمەریکا بۆ کوردستان24: لێکۆڵینەوە لە زیانەکانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەین

وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە وەڵامی پەیامنێری کوردستان24ـدا گوتی: خەمڵاندنەکانی ئێمە بۆ ئەو زیانانەی کە لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانمان داوە بەردەوامن.

یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، پیت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن)، لەبارەی هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، وەڵامی ڕەحیم ڕەشیدی، پەیامنێری کوردستان24 دایەوە.

وەزیری بەرگریی ئەمەریکا گوتی: خەمڵاندنەکانی ئێمە بۆ ئەو زیانانەی کە لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانمانداوە هێشتا بەردەوامن، بەڵام لە هەڵسەنگاندە سەرەتاییەکان بۆمان دەرکەوتووە کە شوێنەکانمان زۆر بە وردی بۆردومان کردووە.

دووپاتیشی کردەوە، دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆ ئامانجی سەرەکیمان بوو کە توانیمان بە تەواوی وێرانی بکەین.

پێت هێگسێس جەختی لەوە کردەوە، لە هەرشوێنێک ئێران هێرشمان بکاتە سەر، جا چ لە سووریا، عێڕاق یان کەنداو بێت، ئەوا ئێمە بە تووندی وەڵامیان دەدەینەوە. 

دەقی پرسیارەکانی پەیامنێری کوردستان24 و وەڵامەکانی وەزیری بەرگریی ئەمەریکا:

1- پەیامنێری کوردستان24: ئایا لەو باوەڕەدایت کە پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێرانتان بە تەواوی لەناو بردووە؟، ئەی چی لەبارەی موشەکی دورهاوێژیشەوە دەڵێیت، ئیسڕائیل هەمیشە دەڵێت ئەو مووشەکانە هەڕەشەيی جیدیین بۆ سەر ئیسڕائیل.

2- پەیامنێری کوردستان24: وەڵامی ئێوە چی دەبێت گەر ئێران یان میلیشیاکانی سەر بە ئێران هێرشی سەر هێزەکانی ئەمەریکا بکەن لە ناوچەکەدا؟


پیت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن): خەمڵاندنەکانی ئێمە بۆ ئەو زیانانەی کە لە پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێرانمانداوە هێشتا لەژێر لێکۆلینەوە دان. لە خەمڵاندنە سەرەتاییکانمانەوە بۆمان دەرکەوت کە هەموو ئەو شوێنانەمان زۆر بە وردی بۆردومان کردووە کە ئامانجمان بووە، بە تایبەتیش لە فۆردۆ کە ئامانجی سەرەکیمان بوو و بە تەواویی وێرانمان کرد.

پیت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن): ئێران لە هەرشوێنێک هێرشمان بکاتە سەر، جا چ لە سووریا، عێڕاق یان کەنداو بێت، ئەوا ئێمە بە تووندی وەڵامی ئێران و میلیشیاکانیشی دەدەینەوە.

هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانـیان لە ئێران بۆمباران کرد. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ڕایگەیاند: هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان.

گوتیشی: پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین، هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات، ئێستا کاتی ئاشتییە.