پزیشکیان بۆ ماکرۆن: گەلەکەمان هەرگیز ملکەچی هیچ هەڕەشە و هەژموونێک نابێت

سەرۆک کۆماری ئێران بە هاوتا فەرەنسییەکەی ڕاگەیاند: پێویستە ئەمەریکا وەڵامی دەستدرێژییەکانی بۆ سەر خاکمان وەربگرێتەوە، بە تایبەتی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان. جەختی لەوەش کردەوە، گەلی ئێران هەرگیز ملکەچی هیچ هەڕەشە و هەژموونێک نابێت.
یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا بە تەلەفۆن قسەی کرد.
بە پێی ڕاگەیەنراوی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران، سەرۆک کۆماری وڵاتەکە، بە هاوتا فەرەنسییەکەی ڕاگەیاند: ئەمەریکا هێرشی کردووە و دامەزراوە نەوتی و ئەتۆمییەکانمانی بە ئامانج گرتووە، بۆیە پێویستە وەڵامێکی گونجاو بۆ دەستدرێژییەکانی وەربگرێتەوە.
پزیشکیان باسی لەوە کرد، ئێمە هەمیشە ئامادەی دانوستان بووین، بەڵام لایەنی بەرانبەر لەبری قبوڵکردنی لۆژیک، داوای خۆڕادەستکردنی گەلی ئێران دەکات. جەختی لەوە کردەوە، گەلی ئێران هەرگیز ملکەچی هیچ هەڕەشە و هەژموونێک نابێت
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانـیان لە ئێران بۆمباران کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ڕایگەیاند: هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان.
گوتیشی: پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین، هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات، ئێستا کاتی ئاشتییە.