پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی بەست
پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە ئەنقەرە بەست و محەممەد ئەمین کارداش دووبارە وەک سەرۆکی گشتیی پارتەکە هەڵبژێردرایەوە.
یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا لە ئەنقەرە چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی بەست، لە کۆنگرەدا، سەرکردایەتی نوێ ڕاگەیەندرا و محەممەد ئەمین کارداش بە 44 دەنگ دووبارە وەک سەرۆکی گشتیی پارتەکە هەڵبژێردرایەوە.
تەوەری سەرەکی کۆنگرە بریتی بوو لە پرۆسەی ئاشتی و داوای مافی کورد و کوردستانیان، هەرچەندە نوێنەری حزب و نوێنەرانی کۆنگرە بەشدارییان کرد، بەڵام هیچ میوانێک بۆ کۆنگرە بانگهێشت نەکرابوو.
محەممەد ئەمین کارداش، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: تاوەکوو ئێستا ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی کورد لە زیندانەکانن و ئاوارەی کورد هەن، ناوی گوندە کوردنشینەکان قەدەغە کراوە، شارە کوردییەکان گۆڕدراون، بە واتایەکی دیکە ئێمە پرۆسەیەکی لەو شێوەیە قبوڵ ناکەین.
لە کۆنگرەکەدا ئەو پەیامانەی بە بۆنەی کۆنگرە نێردراون خوێندرانەوە و هەندێک گۆڕانکاری تەکنیکی لە بەڕێوەبردنی حزبدا کرا.
پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا لە ساڵی 2014 دامەزراوە و یەکەم پارتییە لە تورکیا کە ناوی 'کوردستان'ی قبوڵکردووە. بەڵام دادگای دەستووری تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨ بەهۆی وشەی "کوردستان" لە ناوەکەیدا سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو پارتە تۆمار کرد و تا ئێستاش ئەم داوایە بەردەوامە.