زاخارۆڤا: ئێران چەکی ئەتۆمی نییە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، ئاشکرای کرد، ئیسرائیل تاکە وڵاتی ناوچەکەیە کە خاوەنی چەکی ئەتۆمییە، هەروەها بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمەریکا ئێران بۆردومان دەکات، لە کاتێکدا ئێران چەکی ئەتۆمی نییە.
یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، لە کەناڵی خۆی لە تێلەگرام بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ تاکە وڵاتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت کە خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئیسرائیلە، بە شێوەیەک دەستپێشخەرییەکان پشتگوێ دەخات کە ئامانج لێیان دامەزراندنی ناوچەیەکی بێ چەکی ئەتۆمییە.
باسی لەوە کرد، ئێستا ئیسرائیل بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئەمەریکا ئێران بۆردومان دەکات، لە کاتێکدا ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی نییە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانـیان لە ئێران بۆمباران کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ڕایگەیاند: هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان.
گوتیشی: پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین، هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات، ئێستا کاتی ئاشتییە.
لە بەرانبەردا ڕووسیا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکای کرد و بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و جارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێناسەی کرد.