عراقچی گەیشتە ڕووسیا

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران، بۆ مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ پوتن، گەیشتە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا.

یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، بڵاوی کردەوە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، گەیشتە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا.

بە پێی ئاژانسەکە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پێشهاتەکانی ناوچەکە و هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، کۆ دەبێتەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانـیان لە ئێران بۆمباران کرد. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ڕایگەیاند: هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان.

گوتیشی: پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین، هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات، ئێستا کاتی ئاشتییە.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.

 
 
Fly Erbil Advertisment