ترەمپ: فڕۆکەکانی B-2 گەیشتنەوە ویلایەتی میزووری

دوای بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، فڕۆکەکانی بۆمبهاوێژی B-2 گەیشتنەوە بنکەی ئاسمانی وایتمان لە ویلایەتی میزۆری ئەمەریکا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکەش دەڵێت: "کارێکی باشتان کرد" و دەستخۆشی لە فڕۆکەوانەکان دەکات.
مێدیاکانی ئەمەریکا دیمەنی گەڕانەوەی فڕۆکەکانی B-2 یان بڵاو کردووەتەوە، کە بە سەلامەتی گەڕانەوە بنکەی هێزی ئاسمانی وایتمان لە نزیک کانزاس سیتی لە ویلایەتیی میزووری، بە گوێرەی میدیاکان، حەوت فڕۆکە لە دەوروبەری نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ئەمەریکاوە کەوتنە ڕێ.
ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمەریکا بە ناونیشانی "ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوە شەو" لەلایەن فڕۆکەکانی B-2 جێبەجێکران، کە بە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی مێژووی ئەو جۆرە فڕۆکە هەژمار دەکرێت.
میدیاکانی ئەمەریکا ئاماژەیداوە، ئەمە درێژترین گەشتی فڕۆکەکانی B-2 بووە لە دوای ساڵی 2001ـەوە، کە توانای هەڵگرتنی دوو جۆر بۆمبی ئاسایی و ئەتۆمیان هەیە و تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەو فڕۆکانە ئەوەیە توانای خۆ دزینەوەیان لە ڕادارەکان هەیە.
دوای گەڕانەوەی هەر حەوت فڕۆکەکە بۆ بنکەی ئاسمانی وایتمان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تویتێکدا نووسی "فڕۆکەکانی B-2 کارێکی باشیان کرد و هەر ئێستا گەیشتنەوە ویلایەتی میزووری".
هەروەها پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند، لەم بڕوایەدام تاران ئێستا بە دڵنیاییەوە لەم ڕاستییە تێدەگات، کە فڕۆکەکان لە ناوەڕاستی ئەمەریکا و فڕیون و بێ باکانە ئۆپەراسیۆن و ئامانجەکانی خۆیان پێکا و گەڕانەوە شوێنی خۆیان.
دوای کاتژمێری سێی بەرە بەیانی یەکشەممە 22ی حوزەیرانی 2025، دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانیان بۆمباران کرد.
بەرە بەیانی دوێنێ یەکشەممە، کاتژمێر پێنج بە کاتی هەولێر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دوای چەند کاتژمێرێکی کەم لە ئەنجامدانی تۆپەراسیۆنی چەکوش لەنیوە شەودا لە کۆشکی سپیەوە گوتارێکیدا و گوتی: فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە سێی شوێنی ئێران، ئۆپەراسیۆنێکی زۆر وردیان کرد، بە بۆمبارانکردن دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ڕژێمی ئێرانمان لە فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانمان لەناوبرد.
ڕاشیگەیاند، لەم ئۆپەراسیۆنەدا ئامانجیان ڕاگرتنی چالاکییەکانی ئێران بووە لە پیتاندنی یۆرانیۆم.