ئیسرائیل بە 20 فڕۆکە هێرشی سەر تاران و چەند شارێکی دیکەی کرد
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشی سەر چەند ناوچەیەکی ئێرانیان کرد و لە تاران دەنگی تەقینەوە و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ بەرپەچدانەوەی فڕۆکەکان کەوتوونەتە کار.
سوپای پاسداران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلیگرام بڵاوی کردووەتەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەی پارچین لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تاران، بەڵام سیستەمی بەرگری ئاسمانی سەرکەوتووانە توانیویانە بەرپەچی هێرشەکان بدەنەوە.
هەروەها سوپای لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە، 20 فڕۆکەی جەنگی زیاتر لە 30 ئامانجیان لە کرماشان، هەمەدان و تاران بۆمباران کردووە، کە لە هێرشەکاندا کۆگای مووشەک و سەکۆی هەڵدان لەگەڵ سیستەمی ڕادار، ناوەندی چاودێری مانگی دەستکردیان لەناوبردووە.
پێشتریش لە بارەی هێرشەکانی ئیسرائیل، محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری تاران بە تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل لە 10 ڕۆژی ڕابردوودا، هێرشی کردووەتە سەر 200 شوێن لە ناوەندی تاران، کە بەهۆیانەوە 200 کەس کوژراون و 877 کەسیش بریندار بوون.
بە گوتەی موعتەمیدیان، لە هێرشەکاندا ئیسرائیل ژێرخانی تۆڕی دابەشکردنی ئاو و کارەبا و غازی ماڵانی کردووەتە ئامانج، هەروەها ناوەندی سەرەکیی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و بنکەیەکی تەندروستیش لەو شوێنانە بوون، کە هێرشی کردوونەتە سەر.