مووشەکێک بەرەو ئیسرائیل هەڵدرا

لەسەرتاسەری ئیسرائیل زەنگی ئاگادارکردنەوە خرایە کار و سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئێران شەپۆلێکی دیکەی هێرشی مووشەکی دەست پێ کرد و داوا لە خەڵکی کرا ڕوو لە حەشارگەکان بکەن.

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، چاودێری هەڵدانی ژمارەیەک مووشەکیان لە ئێرانەوە بەرەو ئیسرائیل کردووە و لە ناوخۆی ئیسرائیلیش سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ڕێگریان لە ژمارەیەک مووشەک کردووە.

لەلایەکی دیکە سوپای پاسداران لە کەناڵی تێلیگرام بڵاوی کردووەتەوە، مووشەکاکانی هەڵیانداوە گەیشتوونەتە تەلئەڤیڤ و ناوەندی شارەکەیان هەژاند، بەڵام فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئیسرائیل لە تەلئەڤیڤ ڕایگەیاندووە، تەنیا یەک مووشەک گەیشتووەتە ئاسمانی شارەکە، ئەویش هەر لە ئاسمانی تەقێندراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاوی کردووەتەوە، ئەو تاکە مووشەکەی کەمێک لەمەوبەر ئاراستەی ئیسرائیل کرا بوو، مووشەکی ئێران نەبووە بەڵکو لە یەمەنەوە بەرەو ئیسرائیل هەڵدراوە.

ئەم هێرشە مووشەکییە لە کاتێکدایە بە درێژایی شەو ڕابردوو و بەرە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 23ی حوزەیرانی 2025، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بە 20 فڕۆکە هێرشی سەر تاران و چەندی شارێکی دیکەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و ڕایگەیاندبوو، کە زیاتر لە 30 ئامانجیان بۆمباران کردووە.