ڕووسیا: گەرووی هورمز دابخرێت، هیچ وڵاتێک لە زیانی نەوت سەلامەت نابێت

کیرێل دیمیتریڤ، سەرۆکی سندووقی وەبەرهێنانی ڕووسیا ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران گەرووی هورمز دابخات، ئەمەریکا تووشی کەمیی بەرچاوی بەنزین دەبێت.

سەرۆکی سندووقی وەبەرهێنانی ڕووسیا، لە هەژماری تایبەتی خۆی ئێکس نووسیویەتی "نرخی نەوت لە ئاستی جیهانیدا دیاری کراوە و ئەگەر گەرووی هورمز دابخرێت، هیچ ڕەحمێک بە ئەمەریکا ناکات."

ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ وڵاتێک لەو زیانەی نەوتی جیهان سەلامەت نابێت و نرخی بەنزینیش بەرز دەبێتەوە.  

دوێنێ یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورموزی کردبوو، وەک تۆڵەی بۆمبارانەکەی ئەمەریکا بۆ سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران.

ئیسماعیل کەوسەری، ئەندامی کۆمیتەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند "پەرلەمانی ئێران پێی وایە پێویستە گەرووی هورمز دابخرێت، بەڵام بڕیاری کۆتایی دەبێ لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانەوە پەسەند بکرێت."

بەرەبەیانی دوێنێ یەکشەممە، 22ـی وزەیرانی 2025، ئەمەریکا هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر هەرسێ بنکەی ئەتۆمی ئێران  کە بریتین لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان کرد و تێیدا هەرسێ وێستگەکەی لەناو برد.