ئیسرائیل هێرشێکی نوێی بۆسەر تەورێز دەست پێ کرد
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند "هێرشی کردووەتە بنکە مووشەکییەکان و ژێرخانی سەربازیی لە ڕۆژئاوای ئێران، کە دەکەونە باشووری ڕۆژئاوای شاری تەورێز.
لە نیویۆرک، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بەوەی بە بیانووی بێمانا و هەڵبەستراو بۆ جەنگ لە دژی وڵاتەکەی دەکات. بە ئاماژەدان بەو هێرشەی دوێنێ یەکشەممە، بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، فەرمانی بۆ دابوو.
باڵێۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاشیگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل، هەزاران ئێرانی کوژراو و بریندار بوونە.
لای خۆیەوە تاران ڕایگەیاند، ئەو بنکە سەربازییانەی واشنتن بۆ هێرشانە بەکاریان دەهێنن، بە "ئامانجی شەرعی" دادەنرێت. لەلایەکی دیکە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا داوای لە وڵاتان کرد دووربکەونەوە لە گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە دەیان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندن باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون. تائێستاش هێرشەکان بۆ سەر یەکتر بەردەوامە.